سوودانی و تۆم باراک کۆبوونەوە؛ باسی رێگری لە ئاڵۆزیی زیاترى ناوچەکە کرا


رووداو دیجیتاڵ

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبوونەوە و باسیان لە چۆنیەتی رێگری لە ئاڵۆزی زیاترى ناوچەکە و رۆڵی عێراق کردووە لە پاڵپشتی سووریا.
 
ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025 کرا، نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی رێگە کردەییەکان کە عێراق لە رێگەیەوە بتوانێت بەردەوام بێت لە پاڵپشتیی سەقامگیریی سووریا و ئاسایشەکەی و باشکردنی دۆخی ئابوورى ئەو وڵاتە.
 
ئەمە یەکەمجارە تۆم باراک سەردانی عێراق بکات لەدوای دەستبەکاربوونی وەک نێردەى ئەمریکا بۆ سووریا لە 23ی ئایاری ئەم ساڵ، لەپاڵ پۆستەکەی وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تورکیا.
 
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو دوو بەرپرسەی ئەمریکا و عێراق تێڕوانینیان ئاڵوگۆڕ کردووە لەبارەی رێگری لە هەر گرژییەکی دیکە کە لە ناوچەکە رووبدات، هەروەها پاڵپشتیی رێگە دیپلۆماسییەکان بکرێت بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، تۆم باراک جەختی لەسەر ئەو رۆڵە بنیاتنەرە کردووەتەوە، کە عێراق دەتوانێت هەیبێت بۆ هێنانەکایەی ئامانجە هاوبەشەکانیان.