کەشناسیی عێراق بۆ رووداو: دووشەممە باران دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات رۆژی دووشەممە بارانی کەم و مامناوەند لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی عێراق ببارێت.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەستەکەى، رۆژی دووشەممە یەکی کانوونی یەکەمی 2025، بارانی پچڕپچڕ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی رۆژهەڵاتی عێراق دەبارێت، بەڵام بارانبارینەکە بە شێوەیەکی کەم و مامناوەند دەبێت.
 
ئەوە دەبێتە دووەم شەپۆلی بارانبارین کە ئەم ساڵ هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی عێراق بگرێتەوە لەدوای دەستپێکردنی وەرزی پاییز.
 
عامر جابری رایگەیاند، ئەو شەپۆلە نزمەپاڵەپەستۆیەی هێزی کەمە و ئەگەر هەیە تەنیا یەک رۆژ بەردەوام بێت و رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاماژەی بەوەدا، رۆژی دووشەممە پلەکانی گەرما لە دهۆک و سلێمانی نزیکەی 20 پلەی سیلیزی دەبن و پلەی گەرما لە هەولێر 21 پلە دەبێت.