فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەمینداری حیزبێکی عێراق دەرچوو؛ سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدان
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەمینداری گشتیی حیزبی (بەیتولوەتەنی)ـی عێراقی دەرچوو، کە بەپێی ئەو مادە یاساییەی تۆمەتبار کراوە، سزاکەی زیندانیی تاهەتایی یان لەسێدارەدانە؛ خۆیشی دەڵێت: "دەیانەوێت دەنگی ئۆپۆزیسیۆن کپ بکەن."
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025، حوسێن غەرابی، ئەمینداری گشتیی حیزبی بەیتولوەتەنیی عێراقی، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئەو کەسانەی ئەم بڕیارەیان دەرکردووە، دەیانەوێت دەنگی ئۆپۆزیسیۆن کپ بکەن و نەیهێڵن."
غەرابی، کە هاوکات پارێزەر و راوێژکاری یاساییە، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی بچێتە بەردەم دادگە و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی حیزبێکی رێگەپێدراوم، پارێزەر و راوێژکاری یاساییم، هیچ شتێکم دژی یاسا نەکردووە."
بەرپرسێکی باڵا لە پارێزگای زیقار، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، فەرمانی دەستگیرکردنەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگرییەوە دەرچووە و حوسێن غەرابی بەپێی "مادەی 197"ـی یاسای سزادانی عێراقی داواکراوە.
مادەی 197 چییە و سزاکەی چەندە؟
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، مادەی 197 تایبەتە بە تێکدان و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی.
سزاکانی مادەکە بەمشێوەیەیە:
لەسێدارەدان یان زیندانیی هەتاهەتایی: بۆ هەر کەسێک بە ئەنقەست زیان بە موڵکی گشتی بگەیێنێت بە مەبەستی "گۆڕینی سیستمی دەسەڵات".
لەسێدارەدان: ئەگەر تاوانبار ماددەی تەقەمەنی بەکارهێنابێت یان کردەوەکە ببێتە هۆی مردنی کەسێک.
زیندانیی تاهەتایی یان کاتی: ئەگەر تاوانەکە لە کاتی ئاڵۆزی یان بۆ دروستکردنی ترس لەنێو خەڵکدا کرابێت، بەبێ ئەوەی مەبەست لێی گۆڕینی سیستمی دەسەڵات بێت.
زیندانیی کاتی: بۆ هەر کەسێک کە بە ئەنقەست ببێتە هۆی پەکخستنی دامەزراوە گشتییەکان.
لە هەموو بارێکدا، تاوانبار پابەند دەکرێت بە قەرەبووکردنەوەی بەهای ئەو زیانەی کە گەیاندوویەتی.
حوسێن غەرابی، یەکێک بوو لە سەرکردە دیارەکانی خۆپێشاندانەکانی تشرین لە پارێزگای زیقار.
خۆپێشاندانەکانی تشرینی یەکەمی 2019، کە لە نێوەڕاست و باشووری عێراق دژی هەژاری، بێکاری، گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزارییەکان دەستیانپێکرد، داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی و دوورخستنەوەی چینی دەسەڵاتداریان دەکرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لەو گرژییانەدا کە چەند مانگێکی خایاند، زیاتر لە 600 کەس کوژران و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکە برینداربوون، کە زۆرینەیان خۆپێشاندەر و چالاکڤان بوون.