دادی عێراق: زیاتر لە 10 هەزار سزادراو بە لێبووردنی گشتی ئازادکراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، زیاتر لە 10 هەزار زیندانی ئازادکراون. روونکردنەوەش لەبارەی جیاوازیی ئامارەکەیان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-11-2025 ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی دوایین ئامار، 10 هەزار و 617 زیندانی بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون."
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە ئازادکراوانی لێبووردنی گشتی، 3054 زیندانیی دیکە بە بڕیاری جیاواز ئازادکراون.
ئەم ئامارەی وەزارەتی داد لە کاتێکدایە، پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاندبوو، زیاتر لە 35 هەزار زیندانی بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون.
سەبارەت بەو جیاوازییە لە ژمارەکاندا، ئەحمەد لعێبی روونیکردەوە، "ئامارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گشتگیرترە و ئەوانەش دەگرێتەوە کە سزا نەدراون (راگیراون) و لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە یان زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆدان."
بە گوتەی لعێبی، ئامارەکەی وەزارەتی داد تەنیا تایبەتە بەو سزادراوانەی حوکم دراون و لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی داد بوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 30 بەندیخانەی سەر بە وەزارەتی داد لە عێراق هەن، کە زیاتر لە 60 هەزار بەندکراویان تێدایە.
رۆژی 21-01-2025، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا بە یەک پاکێج یاساکانی لێبووردنی گشتی، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیانی پەسندکرد.