راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر دەدرێتە سوودانی

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا، راپۆرتی ئەو لیژنەیەی لەسەر هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێنرابوو، رادەستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گرووپێکی چەکدار لە سنووری خورماتوو هێرشەکەیان ئەنجامداوە.
 
تۆڕی میدیایی رووداو زانیویەتی، لە راپۆرتی لیژنەکەدا هاتووە؛ گرووپێکی چەکدار کە ناوەکەشیان دەستنیشان کراوە، لە سنووری خورماتوو و لە دووریی نزیکەی 30 کیلۆمەترەوە، بە مووشەکی جۆری 'گراد' کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردووەتە ئامانج. هاوکات درۆنێکیش ئاراستەی کێڵگەکە کراوە، بەڵام لە دەرەوەی کۆگاکان تەقیوەتەوە و ئامانجەکەی نەپێکاوە.
 
عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی درۆنی و مووشەکی، لە سەرەتای ساڵی نوێدا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی (M-SAM)ـی کۆریای باشووری بەدەستدەگات. ئەم سیستمە توانایەکی بەهێزی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکاندا هەیە، بەڵام رووداو زانیویەتی؛ تاوەکو ئەم ساتە هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئەو سیستمە بێبەش کراوە.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێنجەم، سەبارەت بەم پرسە بە رووداوی راگەیاند: "توانای ئەو هێزانەی چەکیان هەیە، لە کۆرمۆریش دوورتر دەگرێتەوە. راستە کۆرمۆر لە هێزی یەکەمی بەرگریی هێزە عێراقییەکانەوە تەنیا 15 بۆ 20 کیلۆمەتر دوورە، بەڵام ئەوان دەستیان دەگاتە هەموو شوێنێک؛ بۆیە بوونی سیستمێکی بەرگریی رێک و پێک کە بتوانێت ئەو ژێرخانە ئابوورییە گەورەیەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، زۆر گرنگە."
 
لەلایەکی دیکەوە، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق  لەبارەی سیستمە نوێیەکەوە دەڵێت: "گەیشتووینەتە قۆناخێکی زۆر باش و پێشکەوتوو تاوەکو سیستمی بەرگریی (M-SAM)ـمان بەدەست بگات. ئەو سیستمە زۆر پێشکەوتووە و بە وردی ئامانجەکانی دەپێکێت، هەروەها توانای بەرگەگرتنی زۆر بەهێزە بەرامبەر هەر تەشویشێک کە دەخرێتە سەر."
 
خەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سیستمە بەرگرییە لە کۆریای باشوور دەکڕدرێت و سەرەتای ساڵی داهاتوو دەگاتە عێراق، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بۆ "پاراستنی خاک و نیشتمان" بەکاردەهێنرێت.
 
هەرچەندە پەنجەی تۆمەت بۆ هێرشەکەی کۆرمۆر ئاراستەی گرووپە چەکدارەکانی 'بەرەی مقاوەمە' دەکرێت، بەڵام ئەو بەرەیە بە فەرمی و لە رێگەی بەیاننامەوە بە تووندی رەتیانکردەوە ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت. بەرەی مقاوەمە رایگەیاندووە: "لە ئەجێنداماندا نییە هیچ پێگەیەکی سڤیل بکەینە ئامانج و چەکەکانمان رووەو داگیرکەرانە."