کۆمیسیۆن: 14 تانە لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکشەممە ماوەی وەرگرتنی تانەکان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تەواو دەبێت. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، لە یەکەم رۆژدا 14 تانە وەرگیراون.
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی شەممە، 30-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوێنێ هەینییەوە دەرگای پێشکێشکردنی تانەکان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کراوەتەوە، تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی سبەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا تانەکان لە بەغدا و سەرجەم ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان وەردەگیرین، بەڵام دەبێت بەڵگەی تەواو و سەلمێنراو پێشکێش بکرێت، دواتر تیم و لیژنەیەکی تایبەت سەیری تانەکان دەکات و پێشکێشی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەکات، ئەویش دواتر وەک راسپاردە پێشکێشی دەستەی دادوەریی تایبەت بە هەڵبژاردنی دەکات، ئەو دەستەیە بە ئەرێنی و نەرێنی بڕیار لەبارەی ئەو تانانە دەدات.
سەبارەت بە وادەی یەکلاکردنەوەی تانەکان، د. عیماد جەمیل گوتی: "وادەیەک دیاری نەکراوە، ئەمە دەکەوێتە سەر ژمارە و جۆری ئەو تانانەی پێشکێش دەکرێن."
لەبارەی ئەو لایەنانەی کە تانەکانیان پێشکێشکردووە، بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن دەڵێت، هێشتا دیار نییە، چونکە دوێنێ یەکەم رۆژی وەرگرتنی تانەکان بووە، تانەکانیش لە ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە سەرجەم پارێزگاکان وەردەگیرێن، پێویستە ئۆفیسەکان تانەکان رەوانەی بەغدا بکەن، ئەوسا دەتوانرێت روون بێتەوە چ لایەن و بەربژێرێک تانەیان پێشکێشکردووە.
هەر سەبارەت بە تانەکانی یەکەم رۆژ، عەلی فەیسەڵ، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی یەکەم رۆژی وەرگرتنی تانەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان 14 تانەی وەرگرتووە. کۆمیسیۆن پابەندە لە ماوەی یاسایی دا تانەکان وەربگرێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند.