لە بابل سەنتەرێک بۆ شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای بابلی عێراق سەنتەرێک بۆ شیاندنەوەی ئالوودەبووان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر و کاریگەرییە عەقڵییەکان دەکرێتەوە، سەنتەرەکە چارەسەری پزیشکی و پرۆگرامی راهێنان لەخۆ دەگرێت بۆ ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر. 
 
د. حەسەن فالح عەرداوی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەر لەو پارێزگاکە گوتی، "لە پارێزگای بابل سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەرمان کردەوە لە فەرماندەیی پۆلیسی بابل و لە چوارچێوەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەر. [سەنتەرەکە] 400 قەرەوێڵەیە، توانای زیادکردنی هەیە، لەم سەنتەرە چارەسەریی چەندین قۆناخ لەخۆ دەگرێت کە چارەسەری پزیشکی و پرۆگرامی مەشق و راهێنانە، بۆ رزگارکردنی ئالوودەبووان لەم پەتایە و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە."
 
ئاماری ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن، ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە، ساڵی 2020 زیاتر لە حەوت هەزار و 500 بازرگان و بەکاربەر دەستگیرکراون، ساڵی 2021 ژمارەکە زیادی کردووە بۆ 12 هەزار و 800 بازرگان و بەکاربەر، ساڵی رابردووش، 16 هەزار و 800 بازرگان و بەکاربەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکرابوون. 
 
سەنتەرەکەی بابل، هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق کردووە بۆ ئەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر دوای تەواوبوونی سزاکانیان، هەلی کاریان بۆ فەراهەم بکرێت.
 
عەمید حەیدەر حەسوون، بەڕێوەبەری کاروباری مادەی هۆشبەر لە بابل رایگەیاند، "ئەم سەنتەرە هۆڵەکانی نووستنی لەخۆگرتووە کە 400  قەرەوێڵەیە لەگەڵ رێستۆرانتێک، هۆڵی وانەگوتنەوە و هۆڵی وەرزشکردن، بنکەیەکی تەندروستی و نۆرینگەی پزیشکیی پسپۆری ددانی هەیە ، پرۆگرامێکی چارەسەرکردن هەیە کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکراون کە تێیدا وانەی هۆشیارکردنەوە و رێنمایی پێشکێش دەکرێت، وەرزشی بەیانییان و ئێواران هەیە، ئەو کارانە بە سەرپەرشتیی کارمەندانی پسپۆر دەکرێت لە فەرمانگەی تەندروستیی بابل و پزیشکانی دەروونی و توێژەرانی کۆمەڵایەتی."
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 19 هەزار تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، دەست بەسەر چوار تۆن مادەی هۆشبەر و 15 تۆن مادەی کارتێکەری عەقڵیدا گیراوە."
 
ئەم ساڵ حەوت هەزار و 397 کەس سزادراون، لەنێویاندا زیندانی هەتاهەتایی و لە سێدارەدان و سزای دیکە هەن.