کوردێک لە هەڵبژاردندا یەکەمى لیستێکى عەرەبی بوو بەڵام کورسی بەدەستنەهێنا
رووداو دیجیتاڵ
سێ کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە لیستی لایەنە عەرەبییەکان خۆیان بەربژێر کرد، یەکێکیان زۆرترین دەنگی لیستەکەی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بباتەوە.
بە گوێرەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین، هێمن داودى، بەربژێرى حزبى شیوعی کوردستان کە لە نێو لیستى ریئاسەى عەرەبیدا بوو، ریزبەندیى یەکەمى دەنگەکانى ئەو لیستەى بەدەستهێناوە لەنێو 24 بەربژێرى دیکەدا کە لە پێکھاتەکانى دیکە بوون.
دوو بەربژێرەکەی دیکە یەکێکیان بەربژێری یەکێتی بوو لە لیستی جەماهیرى وەتەنى، توانی کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بباتەوە و ئەوی دیکەش بەربژێرێکی پارتی بوو لە لیستی حەسم سەرەرای بەدەستهێنانی 1415 دەنگ، بەڵام نەیتوانی کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە مسۆگەر بکات.
هێمن داودى، بە 714 دەنگ لە ریزبەندیى یەکەمى لیستی ریئاسە دایە، بەدوایدا نوورى حەمیدی بەربژێرى ئەو لیستە 465 دەنگى بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو بەربژێرە کوردە نەیتوانی هیچ کورسییەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین مسۆگەربکات.
29ـی کانوونى یەکەمى 2023، هێمن داودى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لە سنوورى خورماتوو من تەنیا بەربژێرى لیستى ریئاسە بووم و زۆربەى ئەو دەنگانەم لە خورماتوو بەدەستهێناوە."
هێمن داودی ئاماژەى بەوەشدا کە یەکێک لە هۆکارەکانى ئەوەى بەربژێرانى دیکەى لیستەکە دەنگی کەمیان بەدەستهێناوە ساردبوونەوەیان بوو لە بانگەشەکردن بەهۆى دەستلەکارکێشانەوەى بەشێک لە سەرکردەکانى ئەو لایەنانەى لیستەکەیان پێکهێناوە.
لیستى ریئاسە لەلایەن بەشێک لە گرووپە ناڕازییەکان و تشرینییەکان پێکهێندرابوو، یەکەمجاربوو بەشداریی هەڵبژاردن بکات.
لە سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین، کورد بەسێ بەربژێر بەشداریى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کرد کە لە نێو لیستى دیکەدا خۆیان بەربژێرکردبوو.
یاسین داودى، بەربژێرى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەنێو لیستى جەماهیرى وەتەنى، کورسییەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى مسۆگەر کرد بە بەدەستهێنانى 10 هەزار 884 دەنگ، لە کاتێکدا تارا داودى، بەربژێرى پارتى لەنێو لیستى حەسم، 1415 دەنگى بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگەکانى نەیتوانى بگاتە ئاستى بەدەستهێنانى کورسی.