حەلبووسی بۆ رووداو: هیچ کێشەیەکی نەتەوەییم لەگەڵ کورد نییە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم رایدەگەیێنێت، کێشەی لەگەڵ گەلی کورد نییە و بۆ پۆستی سەرۆککۆماریش چاوەڕوانی بڕیاری سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.
دوای تەواوبوونی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، محەممەد حەلبووسی بە رووداوی راگەیاند: " گەلی کورد بەشێکە لە گەلەکەمان، گەلی عێراق، شانازییان پێوەدەکەین و پێمان وایە گرنگە بایەخ بە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بدرێ، لەنێویاندا خوشک و برایانمان لە گەلی کورد."
هەروەها لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق گوتی، "چاوەڕێی رێککەوتنی نێوان برایانمانین لە هەرێمی کوردستان."
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ حەلبووسی:
رووداو: بەڕێز حەلبووسی، پەیامتان چییە بۆ گەلی کورد، بەتایبەتی دوای ئەم پرۆسەیە. دەمەوێ بزانم پەیامتان بۆ گەلی کورد چییە؟
محەممەد حەلبووسی: گەلی کورد بەشێکە لە گەلەکەمان، گەلی عێراق، شانازییان پێوەدەکەین و پێمان وایە گرنگە بایەخ بە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بدرێ، لەنێویاندا خوشک و برایانمان لە گەلی کورد. وەک خۆم، هیچ کێشەیەکی نەتەوەییم لەگەڵیان نییە؛ کێشەم لەگەڵ گەلی کورد نییە. لەگەڵ لایەنە کوردییەکان ناکۆکیمان دەبێ، بەڵام لە رووی جەماوەرییەوە، ئەوان کەسوکارمانن.
رووداو: ئەی سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار؟
محەممەد حەلبووسی: چاوەڕێی رێککەوتنی نێوان برایانمانین لە هەرێمی کوردستان. سوپاستان دەکەم.