پەرلەمانی عێراق زەنگی چوونەژوورەوەی بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوە لێدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی عێراق زەنگی چوونەژوورەوە لێدرا بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی تایبەت بە دەنگدانی گەڕی سێیەم بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا، هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی نەکراوە و دۆخەکە وەکو خۆیەتی.
تاوەکو ئێستا رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران تەواو نەبووە و چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکە دوابخرێت.
دوێنێ سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی هەڵبژێردران، بەڵام دوای دوو گەڕی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کەس دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا.
پەرلەمانی عێراق زەنگی چوونەژوورەوەی بۆ کۆبوونەوە لێدا؛ هەڵکەوت عەزیز: ژمارەیەکی کەمی پەرلەمانتاران هاتوون و رەنگە کۆبوونەوەکە دوابخرێت pic.twitter.com/er6SMOjZP8
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 30, 2025
شاخەوان عەبدوڵڵا لە پارتی و رێبوار کەریم لە رەوتی هەڵوێست بەربژێرن. لە گەڕی دووەمی دەنگدانەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا 202 دەنگ و رێبوار کەریم 156 دەنگی بەدەستهێنا.
رێبوار کەریم لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو بە سەنگەر عەبدولرەحمانی گوت، لە بەربژێربوون ناکشێتەوە و بەردەوام دەبێت.