حکومەتی عێراق باج لەسەر چەند کاڵایەکی هاوردەکراو زیاددەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە سەپاندنی باجی گومرگیی زیادە بە رێژەی 40% لەسەر گازی ئۆکسجینی پزیشکی و پیشەسازی و 30% لەسەر ماست و شیری هاوردەکراو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 52یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و تێیدا چەند بڕیارێکی دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە سەپاندنی باجی گومرگیی زیادە بە رێژەی 40% بەسەر گازی ئۆکسجینی پزیشکی و پیشەسازیی هاوردەکراودا بۆ 4 ساڵ، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە سەپاندنی باجی گومرگیی زیادە بە رێژەی 30% بەسەر ماست و شیری هاوردەکراو. ئەم بڕیارە دوای 120 رۆژ لە دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێ.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر یەکخستنی ئەنجوومەنی دەرمانی ئێستا لەگەڵ لیژنەی باڵای پەرەپێدانی پیشەسازیی دەرمان.
هەروەها، ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری دەرەوەی راسپارد بۆ واژۆکردنی پرۆژەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن تایبەت بە کۆتاییهاتن بە ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی).
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر زیادکردنی تێچووی گشتیی چەند پرۆژەیەکی وەستاو، لەوانە:
- پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فێرکاریی زەهرا.
- پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی شەقامی پەروەردە لە پارێزگای سەڵاحەدین.
- پرۆژەی ئاوەڕۆی شاری هیت لە پارێزگای ئەنبار.