سەرۆککۆماری عێراق: پەرلەمان یەکەم ئەرکی دەستووری لە کاتی خۆیدا جێبەجێکرد


رووداو دیجیتاڵ

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، پەرلەمان یەکەم ئەرکی دەستووری لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ کرد، ئەمەش جەخت لە هەستی بەرزی بەرپرسیاریێتیی نیشتمانیی سەرکردەی فراکسیۆنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران دەکاتەوە.
 
سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و دوو جێگرەکەی رایگەیاند: "بەڕێز هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، پیرۆزبایی هەڵبژاردنتان لێدەکەین وەک سەرۆکی پەرلەمان لە خولی شەشەمیدا؛ هەروەها پیرۆزبایی لە عەدنان فیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەکەین؛ هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانتان لەپێناو خزمەتکردنی گەلی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە."
 
لەتیف رەشید دەڵێ: "پەرلەمان ئەمڕۆ یەکەم ئەرکی دەستووری لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ کرد، ئەمەش جەخت لە هەستی بەرزی بەرپرسیاریێتیی نیشتمانیی سەرکردەی فراکسیۆنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران دەکاتەوە. لێرەدا ئەرکی قورسی پەرلەمانە بەڕێزەکەتان بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، بیردێنینەوە. خەڵک بە لێشاو چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان."
 
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێ: "رۆڵی چاودێریی ئەنجوومەنە بەڕێزەکەتان کەمتر گرنگ نابێت لە رۆڵی یاسادانانی، چونکە خەڵک چاوەڕێی ئەوەتان لێدەکات رۆڵی چاودێری بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەن؛ ناکرێ باس لە سیستمێکی پەرلەمانی و ئەزموونێکی دیموکراسیی راستەقینە بکرێت بەبێ بوونی پەرلەمانێک کە بتوانێت چاودێریی کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات و کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکات و سزای سەرپێچیکاران بدات."