وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە 1ی ئادارەوە تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ئەم مانگە زیاتر لە ملیۆنێک کارتی نیشتمانییان دەرکردوون و ئاماژە بەوەش دەکات، لە 1ی ئادارەوە لە راییکردنی مامەڵەکاندا تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "لە ماوەی ئەم مانگەدا زیاتر لە ملیۆنێک کارتی نیشتمانییمان دەرکردوون"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "لە 1-3-2024 کارکردن بە بەڵگەنامەکانی دیکە رادەگیرێت و تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت".
 
کارتی نیشتمانی دەبێتە جێگرەوەی سێ‌ بەڵگەنامە (وڵاتینامە، ناسنامەی باری شارستانی و كارتی زانیاری)، 20 نهێنی كەسی هەر تاکێک لەخۆدەگرێت و‌ ساختەكردنی ئەستەمە.
 
هەر لەو بارەوە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارکردن بە ناسنامەی باری کەسێتی و عێراقی چەند مانگێکە کاری پێناکرێت و بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت سورەت قەیدی ئەلیکترۆنیمان وەردەگرت، ئێستا کار بە ئەویش ناکرێت و تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن داوای پاسپۆرت بکەن کە کارتی نیشتمانییان هەیە؛ ئەمە بۆ تەواوی پارێزگاکانی عیراق و هەرێمی کوردستانە".