وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سەلاحەددین، وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین دیاری کرد و بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی کرد.
رۆژی چوارشەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2024، یاسین محەممەدعەلی، تاکە نوێنەری کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوی فەرمیی ئیسماعیل خزەیر هەلوب، پارێزگای سەلاحەددینی بە دەستگەیشتووە بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات.
وێنەیەکی نووسراوەکەی ئیسماعیل خزەیر هەلوب، پارێزگای سەلاحەددین بە وەکالەت دەست تۆڕی میدیایی رووداوی کەوتووە، کە تێیدا ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کراوە، بۆ ئەوەی کاژێر 11ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 4ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە باڵەخانەی ئەنجوومەنەکە بکات.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین لە 15 ئەندام پێکهاتووە، تەنیا یەک ئەندامی کوردە ئەویش یاسین محەممەدعەلی جومعەیە و نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
بە گوێرەى یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمدا، کە تایبەتە بە کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و لە ساڵى 2008 پەسندکراوە، پێویستە لەدواى 15 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، پارێزگارەکان داواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیان بکەن.
رۆژی 21-01-2024 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسندکرد، بەو پێیە دەبێت تاوەکو 4ـی شوبات پارێزگارەکان داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێى پارێزگار بکەن.
ئەگەر لەو ماوەیەى دیاریکراوە، پارێزگارەکان داواى کۆبوونەوەیان نەکرد، ئەنجوومەنى نوێى پارێزگار دەتوانێت لە 16یەمین رۆژدا خۆى یەکەم کۆبوونەوە بکات بە سەرۆکایەتیى بەتەمەنترین ئەندامى، بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و دواتریش پارێزگار هەڵدەبژێردرێت.