ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی عەسائیب: رەنگە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق نەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، رەنگە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردن سەرۆککۆمار نەکرێت.
 
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خزعەلی، ئەمڕۆ شەممە 31-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون، بۆیە ئەگەری هەیە دانیشتنەکەی سبەی یەکشەممەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق نەکرێت.
 
پارتی، فوئاد حوسێن و یەکێتی، نزار ئامێدی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر کردووە. تاوەکو ئێستا هەردوولا پێداگرن لەسەر بەربژێرەکانیان.
 
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە یەکێتی نزیکترە. حوسێن شەیحانی گوتی، دەیانەوێ یەکێتی و پارتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بێ هیچ گرفتێک بەڕێوەبچێت.
 
بەپێی ئەو کارنامەیەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، کاژێر 11:00ی  پێشنیوەڕۆ، کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستپێبکات، کارنامەکەیشی لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە: یەکەم، سوێندی دەستووریی چەند براوەیەکی هەڵبژاردنە بۆ بوون بە پەرلەمانتار و دووەم، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق.
 
هاوکات 52 پەرلەمانتاری عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی فراکسیۆنە سیاسییەکانیان کردووە، داوایان کردووە پابەندبن بەو وادەیەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە دانیشتنی راوێژکاریدا کرابوو بۆ دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ رۆژی یەکشەممە.
 
یوسف کلابی، پەرلەمانتاری عێراق و یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆی لەسەر نووسراوەکە کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دواخستنەکە لەسەر داوای پارتی و یەکێتی بوو، بۆیە داوا لەو دوو لایەنە دەکەین ئەم پرسە پێش رۆژی یەکشەممە یەکلایی بکەنەوە، وەک رێزێک بۆ عێراق و گەلەکەی و بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وڵات و ناوچەکە دەبنەوە."
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "هیوادارین ئەو دوو حیزبە رێکبکەون، ئەگەرنا هەریەکە و بە بەربژێری خۆی بەشداری دەکات و ئەوکات پڕۆسەی دەنگدان هەندێک ئاڵنگاری بۆ دروست دەبێت."
 
بڕیاربوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 27ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکەی دواخست.