کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەگەڵ مالیکی و حەلبووسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ نووری مالیکی و محەممەد حەلبووسی، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتنی تاوتوێ کرد.
 
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا بڵاویکردەوە، نووری مالیکی (بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق) لە بەغدا پێشوازی لە جۆشوا هاریس کرد. لە دیدارەکەدا تێڕوانینی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ شێوازی کارەکانی حکومەتی داهاتووی عێراق خرایەڕوو. هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هێزە سیاسییەکان کرایەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستە سەرۆکایەتییەکان.
 
لە لایەکی دیکەوە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومی سوننەکان لەگەڵ کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، حەلبووسی لە دیدارەکەدا باسی لە چەند تەوەرێک کرد، لەوانە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و گفتوگۆکانی ئێستا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ عێراق، هەروەها پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی هەبێت.
 
رۆژی 28-01-2026 نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دژایەتیی خۆی بۆ "دەستوەردانی روونی ئەمریکا" لە کاروباری ناوخۆی عێراق راگەیاند و گوتی، رێگە نادەن واشنتن دەستوەردان لە بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە. شەوی 27-1-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی مالیکی کرد و گوتی، "دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی تووندی دا و گوتی، "بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا شێتانەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات و، ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ شانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نابێت."