نووری مالیکی: دەستبەرداری مافی گەل نابین

 
رووداو دیجیتاڵ

نووری مالیکی لە پەیامێکی نوێدا، لەبارەی پرسی کشانەوەی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەستبەرداری مافی خەڵکی عێراق نابێت لە هەڵبژاردنی ئەو کەسەی متمانەی پێیەتی و بە شایستەی دەزانێت بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناخەکە.
 
 
 ئەمڕۆ شەممە،31-01-2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "هەڵبژاردنی حکومەت و سەرکردەکانمان پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت رێزی لێبگیرێت".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە راسپاردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مالیکی نووسیویەتی: "ژیانی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق دوای ژانێکی سەخت و قوربانیدانی گەورە و خوێنی شەهیدان لەدایکبوو، تاوەکو بەهاکانی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لەسەر ئاستی فیدراڵی و لە پارێزگاکان چەسپا".
 
مالیکی رایگەیاندووە: "شانازی بەم دەستکەوتە دەکەین و دەستبەرداری نابین، سوپاسی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکانی دەکەین بۆ سووربوونیان لەسەر پاراستنی ئازادی و دیموکراسی؛" ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ئەوەی لە هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکانەوە دەرکەوتووە، ئەوە دەسەلمێنێت گەلی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی بە بونیاتنانی دەوڵەت، بەهاکانی دیموکراسی و ئازادی و هاوبەشیی سیاسییان وەرگرتووە".
 
مالیکی باس لەوە دەکات: "لەم سۆنگەیەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە دەستبەرداری ئەم دەستکەوتە نابین و دەستبەرداری مافی گەلی عێراق نابین لە هەڵبژاردنی ئەو کەسەی متمانەی پێیەتی و بە شایستەی دەزانێت بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناخەکە. رێز لە ویستی نیشتمانی و بڕیاری سەربەخۆمان دەگرین و چاوەڕوانین کەسانی دیکەش رێز لەم بڕیارە بگرن، هەروەک چۆن ئێمە رێز لە ویستیان دەگرین لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان".
 
مالیکی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەڵبژاردنی حکومەت و سەرکردەکانمان پرسێکی نیشتمانییە و دەبێت رێزی لێبگیرێ، هەروەک چۆن ئێمە رێز لە هەڵبژاردنی کەسانی دیکە دەگرین. لەم دۆخەدا، چاوەڕێی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی هاوسەنگین لەگەڵ هەموو وڵاتانی هەرێمی و وڵاتە زلهێزەکان، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی هاوکارمان بوون و لە داهاتووشدا هاوکاریمان دەکەن، لەسەر بنەمای هاوبەشی و بەرژەوەندیی هاوبەش، دوور لە هەر دەستوەردانێک یان پەیوەندییەکی نەرێنی".
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ: "رێزگرتن لە ویست و دیموکراسی و مافی گەلەکەمان لە هەڵبژاردنی سیستمی سیاسی و سەرکردەکانی لە رێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە، پرەنسیپێکی نەگۆڕی ئێمەیە، و بەردەوام دەبین لە پشتبەستن بەم ئیرادەیە و لێی پاشگەز نابینەوە".
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە. بەڵام شەوی 27-1-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی مالیکی کرد و گوتی، "دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێ ئەوە دووبارە ببێتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی تووندی دا و گوتی، "بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا شێتانەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات و، ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ شانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نابێت."