عەممار حەکیم: بە سێ مەرج زیندانییەکانی سووریا بۆ عێراق دەگوازرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، ناوچەکە رووبەڕووی پەرەسەندنی سەربازی بووەتەوە و عێراقیش بەهۆی ململانێ هەرێمییەکان و رووداوەکانی سووریاوە زیانی پێدەگات. هۆشداریش دەدات لەوەی دابەزینی نرخی نەوت گوشارێکی زۆر لەسەر ئابووریی وڵات دروست دەکات.
رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، عەممار حەکیم لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک پیشەوەر و نوێنەری سەندیکاکان، جەختی لە گرنگیی پشتگیریکردنی سەندیکاکان کردەوە وەک نوێنەری توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی عێراق.
"بە سێ مەرج بڕیاڕی گەڕانەوەی زیندانییەکانی داعش دراوە"
لەبارەی رەوشی ئەمنیی ناوچەکە، حەکیم ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکاریی جەنگ لە دەوروبەری عێراق هەیە و پەرەسەندنەکانی سووریا کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر وڵاتەکەیان دەبێت.
لەبارەی هێنانەوەی چەکدارانی داعش بۆ زیندانەکانی عێراق، سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، بە سێ مەرج ئەو بڕیارە دراوە، یەکەم: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەند بکرێت بە وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان کە خەڵکی زیاتر لە 80 وڵاتن. دووەم: هەموو خەرجییە ئەمنی و بژێوییەکانیان لە ئەستۆ بگرێت. سێیەم: رێگە بە دادگەی عێراق بدرێت دادگەییان بکات و پابەندی بڕیارەکانی بێت.
"دابەزینی نرخی نەوت کورتهێنانی دارایی زیاد دەکات"
لەبارەی دۆخی ئابوورییەوە، عەممار حەکیم گوتی، "دابەزینی نرخی نەوت کورتهێنانی دارایی زیاد دەکات، بۆیە پێویستە راستییە ئابوورییەکان بە روونی بۆ گەل باس بکرێن، تاوەکو ئامادەبن بۆ قبووڵکردنی هەندێک رێکاری پاشەکەوتکردن."
داواشی کرد کار بۆ رزگارکردنی عێراق لە دەوڵەتی پشتبەستوو بە تاک سەرچاوە، کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری و وەبەرهێنان ببووژێنرێتەوە.
"نیگەرانین لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی"
لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، حەکیم جەختی لە پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کردەوە و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو "هێرشانە" دەربڕی کە دەکرێنە سەر بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
راشیگەیاند، "پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمان و گەل، لووتکەی ئازایەتی و بەرپرسیارێتییە."