شیعە رژدە لە بەربژێرکردنی نووری مالیکی و سوننەکان پێشنیاز دەکەن لەپێناو ئابووریی عێراق بکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا، جارێکی دیکە بووەوە بە مەیدانی ململانێ سیاسییەکان. ئەمجارە لایەنگرانی نووری مالیکی رژاونەتە سەر شەقام؛ ئەوان نەک هەر داوای گەڕانەوەی "سەرکردەکەیان" بۆ کورسیی دەسەڵات دەکەن، بەڵکو پەیامێکی تووندیشیان ئاراستەی ترەمپ کرد.
باوکی عەباس، کەسایەتیی هۆزی تەمیم لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت: "بەرێز مالیکی ئەقڵ و هزرە، هەروەها پیاوی قۆناخەکەیە، لەو باشترمان نییە".
بەڵام ئەم گەشبینییەی لایەنگرانی مالیکی، لای لایەنە سوننەکان وەک یەک نییە. بە پێچەوانەی زۆربەی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سوننەکان پەیام و هەڕەشەکانی ئەمریکا بەهەند وەردەگرن. ئەوان پێشنیار دەکەن مالیکی بکشێتەوە، تەنیا لەپێناو ئەوەی عێراق لە سزای ئابووری و سیاسیی واشنتن بپارێزرێت.
سەڵاحەدین دلێمی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم: "هیوادارین بڕیاربەدەستان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق هەست بکەن ئاڵنگارییەکان راستەقینە و قورسن، رەنگە زیانی بۆ سەروەریی وڵات هەبێت. بۆیە پێویستمان بە رۆشنبیریی پاشەکشە و پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی وڵات هەیە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانە. ئێمە لەگەڵ بڕیاری چوارچێوەین".
دابەشبوونەکە تەنیا لەنێو هۆڵە داخراوەکانی سیاسەت دا نییە، بەڵکو شەقامیش بووەتە دوو بەرە. بەرەیەک کە تاڵاوی شەڕی ناوخۆ و تەقینەوەکانی سەردەمی مالیکی بیرناچێتەوە و بە ترسەوە دەڕوانێتە گەڕانەوەی، بەرەکەی دیکەش هیوای وایە ئەزموونە تاڵەکان بووبنە وانە بۆ کابینەیەکی نوێ.
تاریق زیاد، کاسبکارێکە لە بەغدا و لەبارەی دۆخەکەوە دەڵێت: "پێشتر نووری مالیکی لە دەسەڵات بوو تەقینەوە هەبوو، ئارامی و ئاسایش وەک ئێستا نەبوو. ئێستا بە شەقامدا دەڕۆیت ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو نابینی".
باسم باقر، دەرچووی زانکۆ دەڵێت: "گەشبینین بە ئەبو ئەسڕا، بەڵکو وانەی لە هەڵەی حکومەتەکانی پێشوو وەرگرتبێت، بەدیاریکراوی کابینەکەی خۆی. هیوادارین پڕۆژەی نوێ ببینین".
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا شەوی شەممە رایانگەیاند کە مالیکی بەربژێری ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران
سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش سوورە لەسەر ئەوەی مالیکی تاکە بەربژێری ئەوان بێت. پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممەی دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە ئەوەش یەکەم هەنگاوی کردەیی دەبێت بۆ سپاردنی ئەرکی پێکهێنانی حکومەت بە کاندیدی فراکسیۆنی گەورە.
پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ دژی بەربژێربوونی نوری مالیکی، یار و نەیارەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردە یەک دەست و یەک دەنگ. بەڵام پرسیاری سەرەکیی شەقامی عێراقی ئێستا ئەوەیە، ئەگەر واشنتن پشت لە بەغدا بکات، حکومەتەکەی مالیکی چۆن دەتوانێت چوار ساڵی ئاییندە لەنێو گەردەلوولی سزاکاندا تێپەڕێنێت؟