لە واست ماددەى هۆشبەر لە لەفەى فەلافلدا دەدۆزرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگاى واست چوار کەس بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر دەستگیر کران، کە ماددەی هۆشبەریان لە لەفەى فەلافلدا شاردووەتەوە بەمەبەستى گواستنەوەى.
 
رۆژی 30ـى ئادارى 2023، پۆلیسی پارێزگاى واست لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، یەکەى کاروبارى ماددە هۆشبەرەکان لەو پارێزگایە چوار تۆمەتباریان دەستگیردووە بە تۆمەتى بازرگانیکردن و بەکارهێانى ماددەى هۆشبەر.
 
بەگوێرەى ئەو دیمەنانەى کە پۆلیسى واست لەگەڵ راگەیێندراوەکەدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو ماددە هۆشبەرانە لە ناو لەفەى فەلافلدا شاردرابوونەوە.
 
پۆلیسی واست ئاماژەى بەوەداوە، ئەو چوار تۆمەتبارە بەگوێرەى ماددەکانى 28 و 32ـى یاساى بنبڕکردنى ماددەى هۆشبەر دراونەتە دادگە، کە تایبەتە بە بەکارهێنان و بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر و سزاکەى لەنێوان ساڵێک بەندکردن تاوەکو بەندکردنى هەتاهەتایی.