دادگەى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە هەر چواریان پەیوەندییان بە باشووری کوردستانەوە هەیە. یەکێکیان داخستنی کەمپی ئاوارەکانە لە هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەى خشتەى کارى دانیشتنەکانی دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، سکاڵای یەکەم لەبارەی بڕیاری نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەیە بە ژمارە 949ی ساڵی 1977 لەبارەی مافی مامەڵەکردن بە ژمارەیەک پارچە زەوییەوە. دوایین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو کەیسە لە 21ی شوباتی 2024 بوو. سکاڵاکە لەلایەن گوڵخاتر حەبیب، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر، سابیر عەبدوڵڵا، ئیبراهیم مەولوود و رەمزی حەمیدەوە تۆمار کراوە.
 
سکاڵای دووەم لەبارەی بڕیاری نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەیە بە ژمارە 824ی ساڵی 1976ـە کە تایبەتە بە زەوییەکانی داقووق. دوایین دانیشتنی دادگە لە 21ی شوباتی 2024 بوو.
 
هەروەها ئەو دادگەیە ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی بۆ تاوتوێى سکاڵایەک دەبێت کە وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى داخستنى کەمپى ئاوارەکان لە هەرێمى کوردستان تۆماری کردووە. لە سکاڵاکەدا داوا کراوە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن بە جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 24007ى ساڵى 2024ى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و داخستنى کەمپى ئاوارەکان.
 
ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لەسەر بنەماى راسپاردەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەرچوو و گرنگترین خاڵەکانى بریتین لە دیاریکردنى 30ى حوزەیران بۆ داخستنى کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکان؛ هەروەها پێکهێنانى لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران و بە بەشدارى نوێنەرانى وەزارەتى تەندروستى و پەروەردە و نوێنەرانى هەرێمى کورستان بۆ داخستنى کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان.
 
دواتر وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق 30ى تەممووزى دیاری کرد وەک دوایین وادە بۆ خەرجکردنى چوار ملیۆن دینار وەک هاوکارى دارایی بۆ ئەو ئاوارانەى لە هەرێمى کوردستانەوە دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان.
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە 23 کەمپى هەرێمى کوردستاندا دەژین.
 
دوایین سکاڵاش کە دادگەکە تاوتوێی دەکات لەلایەن نەهرۆ مەحموود قادر، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەسەر سەرۆکوەزیران، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق تۆمار کراوە کە داوا دەکات ئەو نەوتە سپییەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەهەمان نرخ دابەش بکرێت.
 
حکومەتی عێراق نرخی هەر لیترێک نەوتی سپی بە 150 دینار بۆ پارێزگاکانی عێراق دابین دەکات.