حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومانکرا

رووداو دیجیتاڵ

چەند ناوچەیەکی باکووری پارێزگای بابل لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومان کران، هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای ئەنباریش هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆردوومان کراون.
 
شانەی قەیرانەکان لە پارێزگای بابل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "فڕۆکە جەنگییەکان" بۆردوومانی ناحیەی جورف سەخریان لە باکووری پارێزگای بابل کردووە.
 
جورف سەخر، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای پارێزگای بابل و ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە بارەگایان هەیە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشە ئاسمانییەکان ناوچەکانی بەهبەهانی، سەعیدات و سندیجیان کردووەتە ئامانج. شانەی قەیرانەکان دڵنیایی دەدات کە "هیچ زیانێکی گیانی و مادی لەو بۆردوومانانە نەبووە."
 
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ناوچەی گەرمە لە پارێزگای ئەنبار هێزەکانی لیوای 27ی حەشدی شەعبی بۆردوومان کراون.
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێرشەکەی سەر لیوای 27 زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی بە بنکە و پێگەی لیواکە گەیاندووە.
 
هاوکات دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە، بەرەبەیانیی سێشەممە 31ی ئاداری 2026، بارەگاکانیان لە دوو ناوچەی جیاواز کراونەتە ئامانج؛ بەشێوەیەک لیوای 45 لە جەرفی نەسر بە سێ هێرشی ئاسمانی و لیوای 31 لە ناوچەی گەرمەی رۆژهەڵاتی ئەنبار بۆردوومان کراون.
 
حەشدی شەعبی دەڵێت، بۆردوومانەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە و ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار دەکات.