حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو هێزەکانی لیوای 30ی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بۆردوومانکرا.
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمشەو پێنج جار فەوجەکانی سێی و چواری لیوای 30 حەشدی شەعبی بۆردوومانکران.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان قوربانی هەیە.
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی ئاداری 2026 لە ناوچەی نەمروود لە سنووری شاری مووسڵ بە فڕۆکەی جەنگی، لە بارەگایەکی لیوای 30ـی حەشدی شەعبی دراوە و خاپوور کراوە.
لیوای 30ـی حەشدی شەعبی بە لیوای شەبەک ناسراوە و لە سنووری دەشتی نەینەوایە.
کاژێر 2:30ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (31ی ئاداری 2026)، لیوای 17ی حەشدی شەعبی (لە بازگەی سوودانی) لە سنووری قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنبار بۆردوومان کرا و لە ئەنجامدا سێ چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و چواری دیکە برینداربوون.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی حەشدی شەعبی، لە 28ـی شوباتەوە، کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیپێکردووە، نزیکەی 70 جار هێرش کراوەتە سەر گرووپە جیاوازەکانی سەر بەو دەستەیە.