"ئەسحابولکەهف" دەڵێت هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان و بەحرێن
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی "ئەسحابولکەهف" کە خۆیان وەک بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا بانگەشەی ئەوە دەکەن، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە هەرێمی کوردستان و بەحرێن، کردووەتە ئامانج.
چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، گرووپەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند لە رێگەی "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە" هێرشیان کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی، کە بە "بەرژەوەندییەکانی داگیرکەری ئەمریکی و زایۆنی" لە هەرێمی کوردستان ناویان بردووە.
شەوی سێشەممە، هەولێر رووبەڕووی هێرشێکی فراوان بە درۆن بووەوە، بە گوتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو شەوەدا زیاتر لە 20 درۆن ئاراستەی هەولێر و سۆران کراون، بەڵام سەرجەمیان تێکشکێندراون.
ئەسحابولکەهف لە راگەیێندراوی دووەمدا، بانگەشەی ئەوە دەکات، کە لە رێگەی "چەکی گونجاوەوە" هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەحرێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکاندا، گرووپی ئەسحابولکەهف جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکاتەوە و هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییانی مەدەنی و داوایان لێدەکات "لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە هێزەکانی ئەمریکای لێیە."
گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، دەڵێن لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا 699 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە. گرووپەکان بەرپرسیاریێتی زۆربەی ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.