هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی سووریاوە دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تانکەر لە رێگەی سووریاوە دەستیپێکرد و یەکەم کاروانی تانکەری نەوت لە رێگەی دەروازەی سنووریی وەلیدەوە بەرەو سووریا بەڕێکەوت. هاوکات، دەروازە گومرگییەکەش بە فەرمی کرایەوە.
دەروازەی وەلید دەکەوێتە سنووری قەزای روتبە لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار. عیماد مشعەل دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە، ئەمڕۆ سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تانکەر لە رێگەی دەروازەی وەلیدەوە بۆ سووریا دەستیپێکرد و لەوێوە نەوتی عێراق هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت."
قایمقامی قەزای روتبە ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ یەکەمجار ئەمڕۆ زیاتر لە 100 تانکەری نەوت لە دەروازەی وەلیدەوە پەڕینەوە نێو خاکی سووریا و لەوێشەوە لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە هەناردەی بازاڕەکان دەکرێن."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەمڕۆ سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەروازەی گومرگیی وەلید لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا بە فەرمی کرایەوە و یەکەم کاروانی بارهەڵگری نەوت لە دەروازەکەوە بەرەو سووریا بەڕێکەوتن.
دەستەی گشتیی گومرگ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ بووژاندنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییە ناوچەییەکان.
دەستەکە دەڵێ، هەر لە کاتی کردنەوەی دەروازەکەدا، یەکەمین کاروانی بارهەڵگرە نەوتییەکان تێپەڕین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی بازرگانی کە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گشتی و چالاککردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، کردنەوەی ئەم ناوەندە بەشێکە لە پلانێکی گشتگیری حکومەت بۆ پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکان و بەرزکردنەوەی تواناکانیان، ئەویش لە رێگەی نوێکردنەوە و سادەکردنەوەی رێکارە گومرگییەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی زۆرترین ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی کاڵا و گەشتیاران بکرێت.