هەردوو دادوەرە کوردەکە و دادوەرێکی سوننە دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بوون


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک و هەشت ئەندام، دادوەرانی دادگەی فیدراڵیی عێراق پێکدەهێنن؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەکۆی ئەو 9 دادوەرە شەش ئەندامیان دەنگیان بە بڕیاری راگەیاندنی نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان داوە؛ دوو نوێنەری کورد و دادوەرێکی سوننیش دژی بڕیارەکە بوون.
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق لەم دادوەرانە پێکدێت؛ جاسم محەممەد عەبوود حەمادی کە سەرۆکی دادگەکەیە؛ عەبدولڕەحمان زێباری، دیار محەممەد، سەمیر عەباس، غالب عامر شنین، حەیدەر جابر عەبد، حەیدەر عەلی نووری، خەلەف ئەحمەد رەجەب و ئەیووب عەباس ساڵح کە ئەندامی دادگەکەن.
 
لەنێو دادوەرەکاندا هەریەکە لە عەبدولڕەحمان زێباری و دیار محەممەد کوردن؛ ئەوەی یەکەمیان لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوەی دووەم لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانراون؛ رۆژی چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، سەرچاوەیەکی باڵا لە دادگەی فیدراڵیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەردوو دادوەرە کوردەکە و دادوەرێکی سوننەکان دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بوون کە دوێنێ سێشەممە دەریکرد.
 
سکاڵا دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکێشکراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکێش کرابوون.
 
رۆژی سێشەممە 30ـی ئایاری 2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق دوایین کۆبوونەوەی لەبارەی سکاڵاکەوە کرد و لە بڕیارێکدا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە "نایاسایی" راگەیاند.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 9-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.