عێراق و ئەمریکا گفتوگۆ لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کەمپی هۆل دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کەمپی هۆل بۆ نێو عێراق تاوتوێ دەکەن. 
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا کۆبوونەوە؛ پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن و چۆنێتی بەهێزکردنیان تاوتوێکرد، "بەشێوەیەک خزمەتی هەردوولا بکات." هەروەها گواستنەوەی خێزانەکانی کەمپی هۆل بۆ کەمپێکی تەرخانکراوی نێو عێراق و ئاڵنگارییەکانی ئەو پرۆسەیە گفتوگۆیان لەسەرکرا. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا باسی کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کرا کە بڕیارە لە سعودیە بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە بەڕێوەبچێت . 
 
تائێستا نۆ کاروانی ئاوارەکانی کەمپی هۆل گەڕاونەتەوە عێراق، یەکەم کاروان لە 06-05-2021 بوو کە 95 خێزان بوو، دوایین کاروانیش لە 26-02-2023 بوو کە 154 خێزان بوو. تائێستا 1228 خێزان گەڕاونەتەوە کە لە 4910 کەس پێکهاتوون.
 
زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیى عێراقى لە کەمپى هۆلن، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. کەمپەکە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە.
 
ئەو خێزانە عێراقییانە دەگەڕێندرێنەوە کەمپی جەدعە لە گوندی جەدعەی سەر بە شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا، کە ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعش (ئەوانەی هەڵگری وڵاتینامەی عێراقین) دروستکراوە.
 
زۆرینەی دانیشتووانی کەمپەکە ژن و منداڵن، بەشێکی زۆری ژنانیش کە هێشتا بە جلە رەشەکانیانەوە بە کەمپەکەدا بڵاوبوونەتەوە، منداڵی زۆریان هەیە و کەمیان هەیە هاوژینەکانیان لە ژیاندا مابێت یان لە عێراق بێت.
 
شکستەکانی داعش لە ساڵی 2017 لە عێراق و دواتر لە ناوچەکانی سووریا، رێکخراوەکەی بەرەو لاوازی برد، تاوەکو بەشێکی زۆری سەرکردەکانیان کوژران و بەشێکی زیاتری ئەندامەکانیشیان کەوتنە دەستی هێزە ئەمنییەکان. بەشێک لە دانیشتووانی کەمپی جەدعە کەسوکاری ئەو چەکدارانەی داعشن.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، 56 هەزار کەسی خەڵکی وڵاتانی جیاواز لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەژین کە گەورەترین کەمپە بۆ کەسوکاری چەکدارانی داعش دروستکرابێت، لەو ژمارەیە بەپێی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، 31 هەزاریان عێراقین و 4910یان گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق.