موقتەدا سەدر بۆ هەژاران: پارە لەگەندەڵکاران وەربگرن و دەنگیان پێمەدەن
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا دەڵێت، نابێت ناوەکەی لە هەڵبژاردن دا بەکاربهێنرێت. بە هەژارانیش دەڵێت، مافی خۆیانە پارە لە "گەندەڵکاران" وەربگرن و "دەنگیشیان پێنەدەن."
ئەمڕۆ شەممە، 31-05-2025، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە.
سەدر لە دەستپێکی پەیامەکەیدا رەخنەی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن گرتووە کە تێیدا "باسی گەل ناکرێت" و "گەل فەرامۆشکراوە،" پاشان چەند رێنماییەکی دیاریکردووە.
لە رێنماییەکانی سەدر دا هاتووە:
یەکەم: جەختی کردووەتەوە کە "قەدەخەیە، بەڵکو حەرامە ناوی ئالی سەدر بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی هەردوو سەدری شەهید." هەروەها دەڵێت، "بەکارهێنانی ناوی من بە شێوەیەکی رەها قەدەخەیە، چ بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە وێنە، ئاماژەپێکردن، یان لێدوان لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت."
دووەم: سەبارەت بەو یارمەتییانەی کە لەلایەن بەربژێرە "گەندەڵەکانەوە" دابەش دەکرێن، سەدر رایگەیاندووە، "هەژاران و کەمدەرامەتان مافی خۆیانە ئەو شتانە وەربگرن کە گەندەڵەکان دابەشی دەکەن، تەنانەت ئەگەر دەنگیشیان پێنەدەن یان کارتی هەڵبژاردنیشیان پێنەدرێت." جەختیشی کردووەتەوە کە "ئەمە ماڵی ئێوەیە و منەت نییە بەسەرتانەوە. گەندەڵکار هەر گوناهبارە ئەگەر هەوڵیش بدات خۆی وەک چاکەکار نیشان بدات."
سێیەم: سەدر ئاماژەی بە بێدەنگی خۆی و لایەنگرانی کردووە و نووسیویەتی: "گوتم و دووبارەی دەکەمەوە: بێدەنگیمان مانای خۆی هەیە. یەکێک لە ماناکانی بێدەنگیمان لەسەر گەندەڵییەکانیان بە واتای رەزامەندیمان نییە لەسەریان. کەواتە باوەڕیان پێ مەکەن."
بڕیارە لە 11ـی تشرینى دووەمى 2025 هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق بکرێت.
پێشتر موقتەدا سەدر رایگەیاندبوو، "بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەم و هەرگیز هەوڵی دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکەشم نەداوە."