لە سەلاحەدین لەکاتی ئاشتەوایی هۆزایەتی لەنێوان دوو هۆز، گرژی دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی ئاشتەوایی هۆزایەتی لە پارێزگای سەلاحەددین، گرژی دروستبوو، پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، کە لایەنێکی ئاشتەواییەکە بووە دەڵێت "هەوڵی تیرۆرکردنم درا". هێزە ئەمنییەکان قەدەخەی هاتووچۆیان لە قەزای عەلەمی پارێزگاکە راگەیاند.
شەوی رابردوو (چوارشەممە، 30-8-2023) لە قەزای عەلەم لە پارێزگای سەلاحەدین، ئەندامانی دوو هۆز کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی هۆزایەتی، بەڵام لە کاتی کۆبوونەوەکەدا گرژی لەنێوان هەردوولا دروست بوو، کەسێک یەک سینیی چای بە پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا کردووە، کە سەر بە یەکێک لەو دوو هۆزەیە. دواتر پۆلیس بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، گەیشتوونەتە شوێنی کۆبوونەوەکە و قەدەخەی هاتووچۆیان لە قەزاکە راگەیاندووە.
بەدر فەحل، پەرلەمانتاری پێشوو، کە ئێستا ئەندامی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەرییە لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 30ی ئابی 2023 لەکاتی ئامادەبوون لە ئاشتەواییەکی هۆزایەتیدا، رووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردنی شکستخواردوو بوومەوە."
بەدر فەحل داوا لە کەسوکارەکەی دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و "نەخزێنە نێو ئەو فیتنەیە." دەشڵێت، دادگە قسەی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە سزادانی بکەرانی ئەو کارە.
کاوە شێخانی، راوێژکاری ئەمنیی پارێزگای سەلاحەددین ئەمڕۆ 31ـی ئابی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەکە لەسەر هەڵبژاردنە، کەسێک هەیە بەناوی حەمەد نامس، کە خەڵکی شەرگاتە و بەربژێرە لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کێشەی لەگەڵ بەدر فەحل هەیە، کە ئەندامی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەرییە لە عێراق، لەسەر ئەوەی ناوی بەرزکردووتەوە بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی گوایە پێشتر بەعسی بووە، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردن دووربخرێتەوە، بۆیە کەسوکاری حەمەد نامس لەگەڵیاندا دانیشتوون تاوەکو بابەتەکە چارەسەر بکەن، بەڵام لەوێ شەڕ و گرژی روویداوە، تەنانەت بووەتە شەڕە کورسییش.
بەگوتەی راوێژکاری ئەمنیی پارێزگای سەلاحەددین، ئێستا دۆخەکە هێوربووەتەوە، قەدەخەی هاتووچۆ لە قەزای عەلەم هەڵگیراوە. هاوکات رەتیکردەوە هەوڵی تیرۆرکردنی بەدر فەحل درابێت.