وەزیرى دارایی عێراق: نابێت بەبێ فەرمانى دادگە گەشت لە قەرزداران قەدەخە بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى دارایی عێراق روونکردنەوەیەک ئاراستەى سەرجەم دەزگاکانى دەوڵەت دەکات و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە کە نابێت بەبێ بڕیارى دادگە رێگرى لە گەشتکردنى "قەرزداران" بکەن. بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق، پرسەکە پەیوەستە بە دۆسیەکانى گەندەڵى و رێگرى لە گەشتکردنى گەندەڵکاران.
بەگوێرەى نووسراوێک کە تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە 29ى ئابى 2023 ئاراستەى دامودەزگاکانى دەوڵەتى کردووە، روونکردنەوەى داوە لەبارەى یاساى وەرگرتنەوەى قەرزى حکومەت کە لە ساڵى 1977 دەرکراوە.
نووسراوەکە ئاراستەى 20 دەزگا و دەستە و دەسەڵاتى جیاوازى عێراق کراوە، لەوانەش سەرۆکایەتیى کۆمار، نووسینگەى سەرۆکوەزیران، پەرلەمان و وەزارەتەکان، دادگەى باڵاى فیدراڵى، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، دەزگاى هەواڵگری و دەستەى دەستپاکى.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، یاساکە دەسەڵاتى نەداوە بە بەرپرسان کە رێگرى لە گەشتى قەرزداران بکەن، کە بەگوێرەى یاساکە وەزیر تاوەکو بەڕێوەبەرى ناحیە دەگرێتەوە.
وەزیرى دارایی ئاماژەى بەوەش داوە، ئەگەر پێویستی کرد فەرمانگەیەک رێگرى لە گەشتى قەرزدارێک بکات، وەکو گەرەنتى بۆ وەرگرتنەوەى قەرزەکە، دەبێت رەزامەندى و بڕیارى دادگە وەربگرێت.
31ى ئابى 2023، یادگار مەحموود، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو روونکردنەوەیە دوو ئاراستەى هەیە، یەکێکیان دیموکراسییانەیە کە دەبێت رێکارەکە بەو شێوە بێت کە لە یاساى وەگرتنەوەى قەرزى حکومى هاتووە کە رێگرى لە گەشتکردن پێویستى بە فەرمانى دادگەیە، بەڵام لایەنى دووەمى ئەوەیە کە بیرۆکراتى زیاتر دروست دەکات لە دەرکردنى ئەو بڕیارانەدا.
یادگاى مەحموود ئاماژەى بەوەش دا، ئەو روونکردنەوەیە پەیوەندیدارە بە دۆسیەکانى گەندەڵى و ئەو کەسانەى کە گەندەڵی-یان لەسەرە، کە چۆن رێگرى لە گەشتکردنیان بکرێت.