لە 8 ساڵی داهاتوودا 4 ملیۆن كەس لە عێراق ئاوارە دەبن

رووداو - هەولێر

بەرپرسانی عێراقی هۆشداری دەدەن كە لە هەشت ساڵی داهاتوودا چوار ملیۆن كەس ئاوارە دەبن، بەڵام ئەمجارەیان هۆكارەكەی ئاگری شەڕ نییە. پێناچێ حكومەتی بەغداش هیچ پلان یان سەرمایەیەكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە چاوەڕوانكراوە هەبێ.

بەگوێرەی راپۆرتێكی پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراق ساڵانە 250 هەزار كیلۆمەتر لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەم دەبێتەوە و ناوچە بیابانەكانیش هەتا دێن فراوانتر دەبنەوە.

بەرپرسانی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە رۆژنامەی ئەلیكترۆنی (ئیندیپێندنت)ی بەریتانییان راگەیاندووە ئەگەر هەوڵی گۆڕینی ئەو دۆخەی ئێستا نەدرێ، چاوەڕێی كۆچ و ئاوارەبوونی بە لێشاوی خەڵكی ناوچە گوندییەكان دەكرێ. یوسف موئەیەد یوسف، كاربەدەستێكی وەزارەتی ژینگەی عێراق، بە رۆژنامە بەریتانییەكە دەڵێ "قەیرانی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان سێ ملیۆن كەسی ئاوارە كرد، ئێستاش چاوەڕێ دەكەین لە هەشت ساڵی داهاتوودا چوار ملیۆن كەس بەهۆی قەیرانی ئاوەوە ئاوارە ببن".

نزیكەی 300 هەزار كەس لە زۆنگاوەكانی باشووری عێراق دەژین كە لە ناوچەكانی نزیك لە خاڵی یەكگرتنەوەی هەردوو رووباری دیجلە و فوڕاتدا هەڵكەوتووە. راپۆرتەكەی (ئیندیپێندنت) ئاشكرای دەكات كە رووبەڕی زۆنگاوەكان لە یەك ساڵی رابردوودا 1200 كیلۆمەتریان فەوتاون و ئێستا 1200 كیۆمەتر چوارگۆشەیان لێماوەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە  600 خێزان، لەو ناوچانە ئاوارە بوون.

كەمبوونەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان و گۆڕانی دیمۆگرافی گوشارێكی زۆر لەسەر ناوچە شارییەكان دروستدەكات، دۆخی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەكان ئاڵۆز دەكات و ئاستی ناڕەزایەتی جەماوەری زیاتر دەكات، هەموو ئەمانەش لە درێژخایەندا دەكرێ ئاگری شەڕێكی نێوخۆی نوێ لە عێراق خۆشبكەن. بۆیەش یوسف موئەیەد پێیوایە "ئەم كێشەیە چیدی تەنیا كێشەیەكی ژینگەیی نییە، بەڵكو كێشەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئاسایشی ئاو و ئاسایشی خۆراكیشە. ئەم قەیرانە كاریگەری لەسەر زۆر پارێزگا دادەنێ و دەبێ بە كێشەیەكی عێراقی، ناوچەیی و تەنانەت جیهانیش".

بەڵام كێشەی ئاوی عێراق تەنیا لە دیوی باشووری رووبارەكانی دیجلە و فوڕات نەماوەتەوە و باكووری عێراقیشی گرتووەتەوە، بە تایبەتیش پارێزگاكانی سەلاحەدین و كەركووك. ئەزموونی سەرهەڵدانی داعش ئەوەی پیشان داوە كە ناوچە گوندییەكان یەكێك لە بنكە سەرەكییەكانی كۆكردنەوەی لایەنگر و چەكداری ئەو گروپە بووە. 

نەسیر تارق، چالاكڤانی مەدەنی لە گروپی پاراستنی دیجلە، لەبارەی هۆكاری ئەوە بە رۆژنامە بەریتانییەكەی گوتووە :"زۆربەی جووتیاران خوێندەوارییان نییە، شتێكی ئەوتۆ لەبارەی ئایینەوە نازانن، زۆر كەم ئاگایان لە سیاسەتی نێوخۆییە. ئەوكات جیاوازیان لە نێوان هێزەكانی حكومەت و گروپە چەكدارەكان نەدەكرد، چونكە ئەوان تەنیا پێویستیان بە پارە بوو".

بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە ژینگەییەكان پێویستی بە چەندین ملیار دۆلارە، بەڵام بودجەی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخەكانی نەوت و خەرجییەكانی قەیرانی داعشەوە لە 1.7 ملیار دۆلار بۆ 50 ملیۆن دۆلار كەمكراوەتەوە، لە كاتێكدا زۆربەی پارەكە بۆ مووچەی فەرمانبەران دەڕوات. حكومەتی عێراق ئەستەمە بتوانێ لە نێوان كێشە هەنووكەییەكان (لەوانەش دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان) و كێشە درێژخایەنەكان (چارەسەری كێشە كەمئاوی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان) هاوسەنگییەك دروستبكات. بەڵام وەبەرهێنانیش بە تەنیا بەس نییە.

حەسەن ئەلجەنابی، وەزیری پێشووی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، پێیوایە لەو دۆخەدا وەبەرهێنان بە تەنیا بەس نییە و لەمبارەوە بە (ئیندیپێندنت)ی راگەیاند "فراوانبوونەوەی بیابانەكان ناوەسێنرێ ئەگەر چەندین ملیار وەبەرهێنان لە دروستكردنی پشتێنەی سەوزدا نەكرێ، بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە بكەین پێویستمان بە ئاویش دەبێ".

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، داعش نزیكەی 600 ملیۆن دۆلار زیانی بە ژێرخانی بەنداوەكانی عێراق گەیاندووە و ئەو ژێرخانە پێویستی بە چاككردنەوەی خێرا هەیە. جیا لەمە داعش كەرتی كارەبای عێراقیشی كردووەتە ئامانج، كەمبوونەوەی كارەباش هۆكارێكە بۆ ئەوەی جووتیارانی ناوچەكە نەتوانن ئاوی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بدەن.

جووتیارێكی پارێزگای نەینەوا بە رۆژنامە بەریتانییەكەی راگەیاندووە :"پێشتر 750 هەزار مەتر چوارگۆشەم دەكێڵا، بەڵام ئێستا ئەستەمە بتوانم 100 هەزار مەتر چواگۆشە بكێڵم، لەبەر ئەوەی هەم ئاو و هەم كارەباش كەمبووەتەوە".

ئەو ناوچانە پێشتر بە سەبەتەی خۆراكی عێراق ناسرابوون، بەردەوامی ئەو قەیرانە لە درێژخایەندا زیانی گەورە بە بەرهەمهێنانی عێراق و ئابووریی كشتوكاڵییەكەی دەگەیەنێ، بە جۆڕیك چاوەڕێ دەكرێ لە ساڵانی داهاتوودا بەهۆی دابەزینی بەرهەمی نیوخۆی و زۆربوونی هاوردەی خۆراك رێژەی بێكاریش لە عێراق بەرز ببێتەوە، لەوێشەوە قەیرانی نوێی ئەمنی جارێكی دیكە بەرۆكی عێراق بگرنەوە.