زیادکردنی 100 هەزار دینارەکەی خانەنشینانی عێراق دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژی چوارشەممەوە، بڕیاری زیادکردنی 100 هەزار دینارەکەی خانەنشینان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە زیاتر لە ملیۆنێک خانەنشین دەگرێتەوە. 
 
ماهر حوسێن رەشید، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق، شەوی دووشەممە 30-10-2023 بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ سەر مووچەی مانگانەی خانەنشینان ئەوانەی ملیۆنێک دینار و کەمتر وەردەگرن تائێستا نەگەیشتووەتە دەستەکەیان.
 
سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق دەڵێت، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران زیادکردنەکە لە 01-11-2023  (رۆژی چوارشەممە) دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە، داتاکان ئامادەن، هەرکاتێک بڕیار و پارەکە گەیشت، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی زیادەکە دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023، ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ملیۆنێک و 42 هەزار و 932 خانەنشین سوودمەند دەبن."
 
رۆژی 24ی ئۆکتۆبەری 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و لەنێویاندا زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران، مانگانە 164 مليار و 293 مليۆن دينار بۆ خەرجییەکانی حکومەت زیاد دەکات، گەنجینەی گشتی 110 ملیار و 891 ملیۆن دینار لەئەستۆ دەگرێت و سندووقی خانەنشینیی گشتی پارەکەی دیکە، کە دەکاتە 53 ملیار و 401 ملیۆن و 500 هەزار دینار، لەئەستۆ دەگرێت.
 
لە شوباتی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنی لەبارەی خانەنشینانەوە لە عێراق دەرکرد، لەوانە دابینکردنی پارچەیەک زەوی بۆ ئەوانەی سوودمەند نەبوون و خەرجکردنی بڕی 500 هەزار دینار لە رۆژی دەست لەکارهەڵگرتنی فەرمانبەر لەدوای خانەنشینبوون و قەرەبووکردنەوەی مۆڵەتە کەڵەکەبووە وەرنەگیراوەکان لەدوای خانەنشینبوون.