لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق 16 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 16 ملیۆن کەس مافى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاكانی عێراقدا هەیە، کە زۆرترین دەنگدەر لە بەغدا و کەمترینیان لە پارێزگاى موسەنا-ن ، لەهەرێمى کوردستانیش  زیاتر لە 53 هەزار ئاوارە مافى دەنگدانیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە هەیە. 
 
رۆژی 31ى تشرینى یەکەمى 2023، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق 16 ملیۆن 158 هەزار و 788 کەس مافى دەنگدانیان هەیە، کە تۆمارى بایۆمەترى دەنگدانیان کردووە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 977 هەزار و 196 ماون کە کارتى بایۆمەترى وەربگرنەوە و کارتەکانیان لە ژێر چاپکردن دایە.
 
بڕیارە لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
 
جومانە غلاى گوتى: "دوو ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە، بەڵام سەرجەمیان تۆمارى بایۆمەترییان نەکردووە، کە بەبێ ئەو تۆمارە مافى بەشداریکردنیان لە دەنگدان نابێت."
 
یەکەمجارە لە دواى 10 ساڵ، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت؛ یەکەم جاریشه لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
 
بەگوێرەى ئامارێک کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، لە تێکڕاى ئەو کەسانەى بە کارتى بایۆمەترى دەنگدانیان هەیە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 یان لە دەنگدانى گشتى بەشدار دەبن و یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەرى تایبەتیش هەن.
 
زۆرترین ژمارەى دەنگدەر بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە بەغداى پایتەختە کە سێ ملیۆن و 705 هەزار و 127 دەنگدەرن و کەمترین ژمارەى دەنگدەر لە پارێزگاى موسەنان، کە 451 هەزار و 321 دەنگدەرن.
 
بۆ ئەو هەڵبژاردنە لە هەرێمى کوردستان ئاوارەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق بەشدار دەبن بەشێوەیەک لە دهۆک 39 هەزار و 422 ئاوارە،  لە هەولێر پێنج هەزار و 23 ئاوارە و لە سنوورى پارێزگاى سلێمانیش سێ هەزار و 815  ئاوارە مافى دەنگدانیان هەیە.
 
هەر بەگوێرەى ئەو ئامارە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى 23 هەزار و 402 دەنگدەرى تایبەت هەن، لە هەولێر 15 هەزار و 492  دەنگدەر و لە دهۆک 14 هەزار و 788 کەس مافى بەشداریکردنیان هەیە لە دەنگدانى تایبەت.
 
جومانە غلاى گوتى: "ئەو کەسانە کە لە هەرێمى کوردستان بەشداریى دەنگدانى تایبەت دەکەن بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان ئەوانەن کە سەر بە هێزەکانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانى دیکەن، بەڵام خەڵکى پارێزگاکانى دیکەى کەرکووک و دیالە و ناوچەکانى دەرەوەى سنوورى ئیدارەى هەرێمى کوردستانن."
 
بڕیارە سبەی چوارشەممە، 1ی تشرینى دووەمى 2023، بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق دەستپێبکات و 45 رۆژ بەردەوام بێت.