بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستپێدەکات و زیاتر لە 16 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 16 ملیۆن هاونیشتمانی و هاووڵاتى لە 15 پارێزگاى عێراق مافى دەنگدانیان بۆ دیاریکردنى 275 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەیە. 75 کورسی لەو 275 کورسییە کۆتاى ژن و 10یان کۆتای پێکهاتەکانن.
ئەمڕۆ 1-11-2023، بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق دەستیپێکرد و ماوەى 45 رۆژ بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 لە سنوورى 15 پارێزگاى عێراق دەکرێت کە ئەرکى چاودێریى حکومەتى خۆجێیی و هەڵبژاردنى پارێزگار دەبێت.
هەڵبژاردنێک لەدواى 10 ساڵ
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013ـەوە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەکرێت، کە بەهۆى شەڕى داعش، خۆپێشاندانى تشرینییەکان، سڕکردنى کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، ئەو هەڵبژاردنە نەکراوە.
یەکەمجارە لەدواى 18 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک بکرێت. ناکۆکى لەبارەى تۆمارى دەنگدەران و دابەشکردنى پۆستە کارگێڕییەکان لە حکومەتى خۆجێیی وایکرد، لە ساڵى 2005ـەوە هیچ هەڵبژاردنێک بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا لەو پارێزگایە نەکرێت.
275 کورسی
ژمارەى کورسییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى ئەو 15 پارێزگایەى هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێت 275 کورسییە کە 75یان کۆتای ژنانن؛ 10 کۆتاى دیکە بۆ پێکهاتەکانن بەشێوەیەک کە لە بەغدا سێ کورسی کۆتای کریستیان، سابیئەى مەندائی، کوردانى فەیلی هەن؛ لە نەینەوا سێ کورسی بۆ پێکهاتەکانى کریستیان، کوردانى ئێزدى، شەبەک هەن؛ لە هەردوو ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە و کەرکووک یەکى یەک کورسى کۆتاى کریستیان هەیە؛ لە واست یەک کورسى کۆتاى کوردى فەیلی هەیە؛ لە میسان یەک کورسی کۆتای سابیئەى مەندائی هەیە.
دابەشبوونى ژمارەى کورسیى پارێزگاکان بەم شێوەیە دەبێت؛ ئەنبار 16 کورسی، بەسرە 22 کورسی، دیوانیە 14 کورسی، موسەننا 12 کورسی، نەجەف 15 کورسى، بابل 18 کورسی، بەغدا 49 کورسی، دیالە 15 کورسی، زیقار 18 کورسی، سەڵاحەدین 15 کورسی، کەربەلا 13 کورسی، کەرکووک 15 کورسی، میسان 13 کورسی، نەینەوا 26 کورسی، واست 14 کورسی.
16 ملیۆن دەنگدەر
16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس لە 15 پارێزگاى عێراق کە تۆمارى بایۆمەترى دەنگدانیان کردووە، مافى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەیە.
15 ملیۆن و 108 هەزار و 135یان لە دەنگدانى گشتى بەشدار دەبن و یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەرى تایبەتیش هەن، ئەوە جگە لە 48 هەزار و 260 دەنگدەرى ئاوارەى نێوخۆیی.
ژمارەى دەنگدەران بەگوێرەى پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەش بووە؛ پارێزگاى بەغدا سێ ملیۆن و 705 هەزار و 127 کەس کە سێ ملیۆن و 396 هەزار و هەشت دەنگدەریان لە دەنگدانى گشتییدا دەنگ دەدەن و 309 هەزار و 119یشیان دەنگدەرى تایبەتن.
لە پارێزگاى نەینەوا یەک ملیۆن و 795 هەزار و 292 دەنگدەرى تێدایە کە یەک ملیۆن و 695 هەزار و 566 دەنگدەریان گشتین و 99 هەزار و 726 دەنگدەرى تایبەتیشى تێدایە.
ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاى کەرکووک 870 هەزار و 920 دەنگدەرە کە 813 هەزار 590یان گشتین و 57 هەزار و 330یان لە دەنگدانى تایبەت بەشدار دەبن؛ لە پارێزگاى دیالە 950 هەزار و 114 دەنگدەر هەن کە 982 هەزار و 710 دەنگدەریان لە دەنگدانى گشتى بەشدار دەبن و 57 هەزار و 404 دەنگدەرى تایبەتیش هەن.
لە پارێزگاى ئەنبار 891 هەزار و 727 دەنگدەر هەن کە 787 هەزار و 229یان دەنگدەرى گشتی و 1858یان لە دەنگدانى تایبەت بەشدار دەبن؛ لە پارێزگاى بابل یەک ملیۆن و 1790 دەنگدەر هەن کە 969 هەزار و 698یان دەنگدەرى گشتین و 32 هەزار و 92 دەنگدەرى تایبەتیشیان هەیە.
پارێزگاى کەربەلا 587 هەزار و 179 دەنگدەرى تێدایە کە 557 هەزار و 992یان دەنگدەرى گشتین و 29 هەزار و 186یان دەنگدەرى تایبەتن؛ لەپارێزگاى واست 705 هەزار و 411 دەنگدەر هەن کە 684 هەزار و 669یان دەنگدەرى گشتین و 20 هەزار و 742یان دەنگدەرى تایبەتن.
لە پارێزگاى سەڵاحەدین 770 هەزار و 956 دەنگدەر هەن کە 703 هەزار و 563 دەنگدەریان گشتین و 67 هەزار و 393یان دەنگدەرى تایبەتن؛ لە پارێزگاى نەجەف 728 هەزار و 819 دەنگدەر هەن کە 702 هەزار و 704 دەنگدەریان گشتین و 26 هەزار و 115یان دەنگدەرى تایبەتن.
لە پارێزگاى دیوانیە 620 هەزار و 727 دەنگدەر هەن کە 602 هەزار و 920یان دەنگدەرى گشتین و 17 هەزار و 807یان دەنگدەرى تایبەتن؛ لە پارێزگاى موسەننا 451 هەزار و 321 دەنگدەر هەن کە 433 هەزار و 975یان دەنگدەرى گشتى و 17 هەزار و 346یان دەنگدەرى تایبەتن.
لە پارێزگاى زیقار 975 هەزار و 832 دەنگدەر هەن کە 945 هەزار و 258یان دەنگدەرى گشتین و 30 هەزار 574یان دەنگدەرى تایبەتن؛ پارێزگاى میسان 551 هەزار و 852 دەنگدەری هەیە کە 523 هەزار و 391یان دەنگدەرى گشتین و 28 هەزار و 461یان دەنگدەرى تایبەتن؛ پارێزگاى بەسرە یەک ملیۆن و 449 هەزار و 780 دەنگدەرى تێدایە کە یەک ملیۆن و 398 هەزار و 862یان دەنگدەرى گشتین و 50 هەزار و 918 دەنگدەرى تایبەتیشی هەیە.
دەنگدەرانى تایبەت و ئاوارە لە هەرێمى کوردستان
لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى 23 هەزار و 402 دەنگدەرى تایبەت هەن کە دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا بکەن؛ لە هەولێر 15 هەزار و 492 دەنگدەر و لە دهۆک 14 هەزار و 788 کەس مافى بەشداریکردنیان لە دەنگدانى تایبەت هەیە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە هەرێمى کوردستان ئاوارەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق بەشدار دەبن بەشێوەیەک لە دهۆک 39 هەزار و 422 ئاوارە، لە هەولێر پێنج هەزار و 23 ئاوارە و لە سنوورى پارێزگاى سلێمانیش سێ هەزار و 815 ئاوارە مافى دەنگدانیان هەیە.
111 هەزار کامێرا و 200 هەزار چاودێر
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق 35 هەزار و 553 وێستگەى دەنگدان و حەوت هەزار و 166 ناوەندى دەنگدانى ئامادە کردووە بۆ دەنگدانى گشتى، ئەوە جگە لە دوو هەزار و 367 وێستگە و 565 بنکەى دەنگدانى تایبەت. بۆ دەنگدانى ئاوارەکانیش 120 وێستگە و 53 ناوەند ئامادەکراون.
206 هەزار و 429 فەرمانبەرى دەنگدان بەشێوەى تیروپشک دیاریکراون بۆ ئەوەى سەرپەرشتیى پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بکەن و 111 هەزار و 714 کامێراى چاودێریش لە بنکە و ناوەندەکانى دەنگدان دانراون بۆ چاودێریکردنى پڕۆسەى دەنگدان کە یەکەمجارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەو هەنگاوە دەنێت.
بۆ ئەنجامدانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، 17 ملیۆن 667 هەزار و 150 فۆرمى دەنگدان چاپ کراون.
38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن؛ 70 بەربژێرى سەربەخۆ و زیاتر لە شەش هەزار بەربژێرى دیکە لەنێو لیستى هاوپەیمانێتى و پارتەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە.