موقتەدا سەدر: ئەم هەڵبژاردنە لەرزۆکە و رەوایەتی نییە
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر لەبارەى رکابەرى نێوان لیستەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پێیوایە ئەوەی هەیە "ململانێیەکی ناڕەوایی هەڵبژاردنە" و دەڵێت: "تەڵەکەبازییەکانیان وردە وردە دەردەکەوێت، گەندەڵ هیچى لێ بەرهەم نایەت، گەندەڵی نەبێت."
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، لەبارەی چەند چالاکییەکی هەڵبژاردن و بەربژێران کە ئاراستەی کراوە، رایگەیاند: رەوتەکەی بەشێک نییە لێی و ئەو جۆرە کارانە ناکات، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە رەوتەکەیانەوە نییە.
ئەو بۆچوونانەى موقتەدا سەدر هەینى 31ى تشرینى یەکەمى 2025 لەڕێگەى نووسینگەکەیەوە بڵاوکرانەوە.
یەکێک لەو چالاکییانەی کە موقتەدا سەدری ئاگادار کراوەتەوە، ئەوەیە کە دوو بەربژێری هاوپەیمانیی عومڕان و سۆمەرییون لە بابل کشاونەتەوە وەک پاڵپشتییەک بۆ داوای رەوتى نیشتمانیى شیعە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی سەر بە رەوتەکە نەبوون. لە پارێزگای زیقار-یش بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان وێنە و پۆستەری یەکدی دەدڕێنن.
موقتەدا سەدر لەسەر ئەو پرسە دەڵێت: "ئەوەی هەیە ململانێیەکی ناڕەوای هەڵبژاردنە لە نێوان لیست و پارتەکان، کە ناڕەوایی هەڵبژاردنەکە زیاتر دەکات."
یەکێک لەو تێبینیانەى دیکە کە لایەن بەرپرسانی رەوتەوە ئاراستەی کراوە، ئەوەیە کە گوایە زانیارییان پێگەیشتووە هەندێک لە لایەنەکان هەوڵدەدەن ئەو شوێنانە بقۆزنەوە، کە تێیدا لایەنگرانى رەوتی نیشتمانى شیعەى تێدایە بۆ ئەوەی ساختەکاری لە بنکەکانى دەنگدانیان بکەن بۆ زیانگەیاندن بە بنەمای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکە.
موقتەدا سەدر دەڵێت: "تەڵەکەبازییەکانیان وردە وردە دەردەکەوێت، گەندەڵ هیچى لێ بەرهەم نایەت گەندەڵى نەبێت، ئەم هەڵبژاردنە لەرزۆکە و رەوایەتى نییە."
لە 4ـی تەممووز، موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی داهاتوو دەکرێت، رەوتى نیشتمانى شیعە و هاوپەیمانیی نەسر تەنیا دوو هێزی شیعەکانن، کە بەربژێریان بۆ ئەو هەڵبژاردنە نییە.