لایەنگرانی عەبادی دەنگ بە کێ دەدەن؟

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، بڕیاریداوە لیستی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەبێت، بەڵام گوتەبێژەکەی دەڵێت، "دەنگ بە بەربژێرانی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتى نیشتمانى دەدەین."
 
بۆ یەکەمجار لەدوای پێکهێنانی، هاوپەیمانیی نەسر بڕیاری داوە بە لیست بەشداریی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق نەکات.
 
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە رۆژی هەینی 31-10-2025 بە رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن نییە، بەڵام ئەگەر بەشداریمان بکردایە رێژەی دەنگەکان زیاتر دەبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."
 
لە 27ی حوزەیرانی 2025، هاوپەیمانیی نەسر بڕیاری بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاند بە پاساوی ئەوەی "ماڵی گشتی بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەکاردەهێندرێت."
 
سەلام زوبەیدی رایگەیاند، "بڕیاردراوە دەنگ بەو بەربژێرەمان بدەین کە لەنێو لیستی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتى نیشتمانى خۆیان بەربژێر کردووە، بەوپێیەی هێشتا لەنێو ئەو هاوپەیمانێتییەداین و پابەندین پێوەی."
 
هاوپەیمانیی نەسر و رەوتی حیکمە پێکهێنەری سەرەکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتى نیشتمانین، کە لە هەڵبژاردنی 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا 24 کورسیی لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەدەستهێنا.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر گوتی، "یەکێک لە هۆکارەکانی بەشدارینەکردنمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەوەیە کە پشکی شایستەی خۆمان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی 2023 پێنەدرا."
 
هاوپەیمانیی نەسر لە هەڵبژاردنی 2018 دروستکرا و 42 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردوو ژمارەی کورسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد و تەنیا نۆ کورسی بەدەستهێنا.