لە موسڵ هاوپەیمانان بە B52 بۆردوومانی داعش دەکەن
رووداو- موسڵ
فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بارەگاکانی داعش لە گەڕەکەکانی حەدبا و کەفائاتی دوو لە باکووری موسڵ بۆردوومان دەکەن و هاوکات لە زەمینیشەوە هێزە عێراقییەکان تۆپبارانی داعش دەکەن.
رۆژی شەممە 31-12-2016 سەرچاوەیەک لەنێو شاری موسڵەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان جۆری B52 بارەگاکانی داعش لە گەڕەکەکانی حەدبا و کەفائاتی دوو لە باکووری موسڵ بۆردوومان دەکەن و هاوکات لە زەمینیشەوە هێزە عێراقییەکان تۆپبارانی داعش دەکەن و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکدار کوژراون کە لەنێویاندا ئەمیر و کەسایەتی دیاری نێو داعش هەن.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "فڕۆکەکانی هاوپەیمانان کۆلیژی ددان سازی زانکۆی موسڵ بە چڕی بۆردوومان دەکەن چونکە داعش کردوویەتی بە بنکەی خۆی، هاوکات لە گەڕەکی وادی حەجەر لە بەری چەپی موسڵ بۆردوومانی مزگەوتی خالیدی کوڕی وەلید-یان کرد کە داعش وەکو بنکە بەکاری دەهێنا و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکدار لەنێو مزگەوتەکەدا کوژران".
لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا چەند گوندێک لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆنترۆڵکراونەتەوە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان