باسم عەوادى: ئەرکى حکومەتى فیدراڵییە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرجەم عێراق بپارێزێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى حکومەتى عێراق دەڵێت، ئەرکى حکومەتى فیدراڵییە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرجەم عێراق بپارێزێت و جیاوازى ناکات لەنێوان هاووڵاتییان و بە کرداریش چەند رێوشوێنێکى گرتووەتەبەر. دەشڵێت، "لێکۆڵینەوەى لە دەستدرێژییەکانى ئەمدواییە [هێرشەکانی سەر هەولێر] دەستیپێکردووە بۆ ئەوەى وردەکارییەکەى بزانرێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-12-2023، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشی سەر بارەگایەکی پێشمەرگە رایگەیاند، "ئەم هێرشە تیرۆریستییە لەلایەن هێزێکی لەیاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە. ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە وەڵامی ئەو راگەیێندراوەدا دەڵێت، ئەو جۆرە لێدوانانە رێڕەوى لێکۆڵینەوەکان ئاڵۆز دەکات کە بە هێزە ئەمنییەکان سپێردراوە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان.
گوتەبێژى حکومەتى عێراق ئاماژەى بەوەشدا کە حکومەتەکەى لە روانگەى ئەرک و دەسەڵاتە دەستوورییەکانى هەڵوێستى خۆى دوپاتدەکاتەوە لە رەتکردنەوەی ئەو هێرشانە کە هەر شوێنێکى عێراق بگرێتەوە لە هەرێمى کوردستان بێت یان پارێزگانى دیکە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانى ئەوانەى تێوگلاون بۆ ئەوەى رادەستى یاسایان بکەن و سزا بدرێن.
باسم عەوادى رایگەیاند، تۆمەتبارکردنیان لەلایەن گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە "نابەرپرسیارانە" بووە و زانیاریى "چەواشەکارانە و درۆى" تێدایە، بە تایبەت ئەوانەى پەیوەندارن بە بانگەشەى برسیکردنى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و دەڵێت: "ژمارەى پارەدارکردنە فەرمییە داراییەکانى بیرچووەتەوە، بە شایەتى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان".