رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کاژێر 11:45ـی شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام - هەولێر، بەڵام جگە لە زیانی مادیی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە. ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی ناوەندییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "لەکاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەکرێن".
پێشتر گرووپێک بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانەی دەکرێن لەئەستۆ دەگرت، بەڵام لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای پێشمەرگە تائێستا راگەیێندراوی نییە.
لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، گرووپەکە بەرپرسیارێتیی خۆی لە زیاتر لە 100 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا راگەیاندووە.
ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندین جار لە عێراق و سووریا هێرشی کردووەتە سەر پێگە و بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، کە دوایینیان رۆژی سێشممەی رابردوو، 26ی کانوونی یەکەم بوو، کاتێک کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە، سێ شوێنی کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق بۆردوومانکردن.
ئەو هەنگاوەی ئەمریکا لە تۆڵەی هێرشێکی درۆنی بۆمبڕێژکراو بوو بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کە تێیدا سێ سەربازی ئەمریکی، یەکێک لەوانە بەسەختی، بریندار بوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گرووپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ