وەزیری کشتوکاڵی عێراق بۆ رووداو: تورکیا 100 مەتر سێجا ئاومان بۆ بەردەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لەبارەی شەپۆلی بارانبارینەکەی ئەم دواییە، کە عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتەوە، وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، بارانی باش باریوە، بەڵام قەرەبووی ئەو بڕەی نەکردووەتەوە، کە دەبوو لە تورکیاوە پێیان بگات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی کانوونی یەکەمی 2025، عەباس جەبر مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم دواییانەدا بڕێکی باش باران لە وڵاتدا باری، ناڵێین مەترسی وشکەساڵی نەماوە و هێشتا ئەو بڕە بارانە بۆشایی ئەو بەشە ئاوەی پڕ نەکردووەتەوە، کە دەبوو لەلایەنی تورکیاوە بۆمان بەربدرێتەوە، بەڵام تا رادەیەکی زۆر باش زەوی تێر ئاو کردووە."
 
وەزیری کشتوکاڵی عێراق گوتی، "ئێمە لە رابردوودا خراپترین دۆخی ئاومان هەبوو، تەنانەت کێشەی ئاوی خواردنەوەشمان بۆ دروستبوو، بەڵام ئەم شەپۆلی بارانە کە بەشی زۆری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان باری، دوو قۆناخی ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پڕکردووەتەوە."
 
عەباس مالیکی ئاماژە بەوە دەکات، کاریگەریی ئەرێنی و تەواوەتی لەسەر دۆخی کشتوکاڵ و ئاوی کۆگەکراو ئەوکاتە دەردەکەوێت، ئەگەر بارانبارین بەم شێوازە تاوەکو مانگی سێ و چوار بەردەوام بێت.
 
رۆژی 2ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، تورکیا و عێراق رێککەوتنێکیان واژۆکرد، کە بەشێکی رێککەوتنەکە پەیوەست بوو بە زیادکردنی بەردانەوەی ئاو لە دیجلە و فوراتەوە بۆ عێراق.
 
لەبارەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوە کرد، "هێشتا تورکیا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە و رۆژانە لە چرکەیەکدا 100 تاوەکو 120 مەتر سێجا و بگرە هەندێکجار 80 مەتر سێجا بەردەداتەوە، لەکاتێکدا ئێمە پێویستیمان بە نزیکەی 500 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا."