ژنە چالاکڤانێک خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ژنە چالاکڤانێکی عێراقی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر دەکات، لەکاتێکدا هیچ لایەنێکی سیاسیی ناسراو بەربژێری بۆ هەمان پۆست پێشکێش نەکردووە.
چوارشەممە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەمیرە جابری، ژنە چالاکڤانی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پەیوەندیم بە پەرلەمانی عێراقەوە کرد و لەوە ئاگادارم کردنەوە کە خۆم بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر دەکەم و بەڵگەنامە پێویستەکانم بۆ ناردوون، پێم راگەیێنرا کە دەبێت بۆ ئەو هەنگاوە سەردانی یەکێک لە فەرمانگەکانی پەرلەمان بکەم بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی خۆبەربژێرکردن و لە چەند رۆژى داهاتوو ئەو سەدانە دەکەم."
ئەو چالاکڤانە بڕوانامەی ماستەری هەیە لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە و کاری راوێژکاری و، مەشقپێکارە.
بە گوتەی ئەمیرە جابری، خۆبەربژێرکردنی بۆ شکاندنی ئەو نەریتە سیاسییە باوەیە کە لە دوای ساڵی 2003وە هەیە لە دابەشکردنی پۆستەکان لە رێگەی دیموکراسیی سازانەوە.
پەرلەمانی عێراق بە فەرمی دەرگەی خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردەوە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە پەرلەمانی عێراقەوە دەستی کەوتووە، رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2026 دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دادەخرێت و لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردندا هیچ لایەنێکی سیاسیی ناسراو بەربژێری بۆ ئەو پۆستە پێشکێش نەکردووە.
دیارترین مەرجەکانی بەربژێری سەرۆککۆمار ئەوەیە، هاووڵاتیی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت و تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت، بەلایەنی کەمەوە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت، پێشینەی تاوانی نەبێت و، یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرتبێتەوە.