لە دیالە ژنێک مێردەکەی بە چەقۆ دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ

ژنێک لە پارێزگای دیالە بە چەقۆ مێردەکەی دەکوژێت و دەستگیر دەکرێت. بەگوتەی پۆلیسی ئەو پارێزگایە، رووداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە.
 
چوارشەممە 31ـى کانوونى یەکەمى 2025، عەمید هەیسەم شەممەری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە کاژێر 9:00 بەیانیی ئەمڕۆ روویداوە و دوای ماوەیەکی کەم ژنەکە دەستگیرکراوە کە بە چەقۆ مێردەکەی کوشتووە.
 
رووداوی کوشتنەکە لە گوندی ئینتیساری سەر بە ناحیەی 'خان بەنی سەعد' بووە لە پارێزگای دیالە.
 
عەمید هەیسەم شەممەری رایگەیاند، کوژراوەکە تەمەنی 33 ساڵە، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ژنەکە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو رووداوە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دیالە، لەدوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ژنە، بەگوێرەی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و رادەستی دادگە دەکرێت بۆ رێوشوێنی یاسایی.
 
مادەی 406 تایبەتە بە کوشتنی ئەنقەست و سزای تۆمەتباری ئەو مادەیە لەسێدارەدانە.