باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئەمریکییەکان: مەچنە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداری بە هاووڵاتییان و کارمەندەکانی دەدات لە رۆژانی داهاتوودا رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەکارنەهێنن، ئەوەش بەهۆی ئەو قەرەباڵخییەی لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس دروست دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 31-12-2025، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لیژنەی راگەیاندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی فەرمیی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداری داوەتە گەشتیاران کە رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، رێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا قەرەباڵخیی زۆری لەسەر دەبێت."
باڵیۆزخانەکە دەڵێت، ئەو ئاستەنگانەی هاتووچۆ بەهۆی چالاکییەکانی زیندووکردنەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیسەوە دەبن، کە ساڵانە لە دەوروبەری 2 و 3ـی کانوونی دووەم دەکرێن.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، جووڵەی کارمەندانی حکومەتی ئەمریکا بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و بەپێچەوانەوە، لە رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2026 سنووردار دەکرێت.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات، لە رۆژانی 2 و 3ـی کانوونی دووەمی 2026 لە ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دووربکەونەوە. ئاگاداری دەوروبەریان بن و خۆیان لە شوێنی قەرەباڵخ بەدوور بگرن. ئەگەر گەشت دەکەن، کاتێکی زۆر بۆ گەیشتن بە فڕۆکەخانە تەرخان بکەن.