بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراق: ئەم ساڵ چەندین هێرشی ئەلیکترۆنی پووچەڵکراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، لە ساڵی 2025دا چەندین هەوڵی هاكکردن و هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر سیستمە ئەلیکترۆنییەکانی وەزارەتەکەیان هەبوون، بەڵام توانراوە شکستیان پێبهێندرێ.
عەمید حەسەن هادی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراق سەبارەت بە پاراستنی داتاکانی هاووڵاتییان و ئاسایشی دیجیتاڵیی عێراق، وردەکاریی نوێی لەسەر پاراستنی گەورەترین بانکی زانیاریی عێراق (کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت و ڤیزەی ئەلیکترۆنی) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا دەکات.
"هێرشەکان لە ساڵی 2025دا بەردەوام بوون"
بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە لەم ساڵدا چەندین هەوڵی دزەکردن بۆ نێو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی وەزارەتی ناوخۆ هەبوون.
ئەو بەرپرسە گوتی: "هێرشەکانی ئەم ساڵ بەشێک بوون لە هێرشی فراوان و بەردەوامی سەر سیستمی دیجیتاڵیی عێراق، بەڵام لە رێگەی نوێکردنەوەی بەردەوامی سیستمەکان و تاقیکردنەوەی خولیی بۆ دۆزینەوەی کەلێنەکان، توانیمان هێرشەکان پووچەڵ بکەینەوە."
چۆن زانیاری ملیۆنان هاووڵاتی دەپارێزرێ؟
سەبارەت بەو مەترسییانەی لەسەر داتای کارتی نیشتمانی و پاسپۆرت هەن، عەمید حەسەن هادی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی ناوخۆ زنجیرەیەک رێکاری تووندی گرتووەتەبەر.
رێکارەکان ئەمانەن:
کۆدکردنی داتاکان: هەموو زانیارییەکان لە کاتی گواستنەوە و کۆگاکردندا بە تەواوی تەشفیر (Encryption) دەکرێن.
چاودێریی 24 کاژێری: لە رێگەی ناوەندی کارە ئەمنییەکان (SOC)، 7 رۆژی هەفتە و 24 کاژێر چاودێریی هەموو داتاکان دەکرێ.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سایبەری گوتی: "تەنیا ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتیان هەیە، دەتوانن دەستیان بە داتاکان بگات، ئەویش لە ژێر چاودێرییەکی وردی ئەلیکترۆنییدا."
دیواری پاراستن
بەڕێوەبەری ئاسایشی سایبەری عێراق دەڵێت: "بۆ رێگری لە هەر دەستکاریکردنێکی دەرەکی، پڕۆسەی کۆدکردنی پێشکەوتوو بەکاردەهێنین؛ هەروەها جۆرە دیوارێکی پاراستنی تایبەتمان داناوە کە تایبەتە بە شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئەو داواکارییانە کە لە دەرەوەی عێراقەوە دێن، ئەمەش رێگرە لە هەر هێرشێکی دەرەکی."
عەمید حەسەن ئاماژە بەوە دەکات: "خولی جیاواز بۆ فەرمانبەران دەکرێتەوە تاوەکو ئاشنای تەکنیکەکانی ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی بن و نەبنە کەلێنێک بۆ هاککەرەکان. "
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سایبەری، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە "ئەنجامی ئەم خولانە ببەستێتەوە بە پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران، ئەمەش وەک هاندانێک بۆ گرنگیدانی زیاتر بە ئاسایشی زانیارییەکان."