وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی "تیرۆریستی" رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی "تیرۆریستی" راگەیاند کە بەرپرس بوون لە هێرشەکانی سەر گەڕەکی مەززە لە دیمەشق. دەشڵێت: "سەرچاوەی چەک و درۆنەکانیان حیزبوڵڵای لوبنانە."
رۆژی یەکشەممە، 01-02-2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیویانە شانەیەکی "تیرۆریستی" دەستگیربکەن کە بەرپرس بووە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر گەڕەکی مەززە و فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە لە دیمەشق.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر چەندین درۆندا گیراوە کە بۆ "کردەوەی تیرۆریستی" ئامادەکرابوون. وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت: "سەرچاوەی ئەو مووشەک و پلاتفۆرمانەی لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون، لەگەڵ ئەو درۆنانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی دەگەڕێنەوە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پەیوەندیی دەستگیرکراوەکانیان لەگەڵ "لایەنی دەرەکی" ئاشکرا کردووە.
ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا دوای زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی دێت کە لە چەند مانگی رابردوودا گەڕەکی مەززەیان کردووەتە ئامانج. مانگی رابردوو سێ مووشەک ئاراستەی گەڕەکەکە کران؛ یەکێکیان بەر مزگەوتێک کەوت و یەکێکی دیکەشیان لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە کەوتە خوارەوە.
پەیوەست بەو هێرشانە، رێکخراوی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، ئەو مزگەوتەی هێرشی کراوەتە سەر، لە ناوچەیەکدایە کە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی نوێی سووریای تێدا نیشتەجێن.
گەڕەکی مەززە کە لە رۆژئاوای دیمەشقی پایتەختە، یەکێکە لە گەڕەکە هەرە ستراتیژییەکان و چەندین باڵیۆزخانە، بنکەی ئەمنی و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی گرنگی تێدایە.
ئەو گەڕەکە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ناوەندێکی سەرەکیی نیشتەجێبوونی بەرپرسانی باڵا و جێگیربوونی هێزەکانی پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بوو.