دوو رۆژ قەدەخەی گشتیی هاتووچۆ لە حەسەکە و قامشلۆ راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کانتۆنی جزیرە لە رۆژئاوای کوردستان، بڕیاری قەدەخەی گشتیی هاتووچۆی لە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ راگەیاند، ئەوەش لە پێناو "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و گیانی هاونیشتمانییان."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە قەدەخەی هاتووچۆکە لەلایەن دەستەی ناوخۆی کانتۆنی جزیرە بڵاوکرایەوە.
 
خشتەی قەدەخەی هاتووچۆکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
1. شاری حەسەکە: رۆژی دووشەممە، رێککەوتی 02-02-2026 قەدەخەی گشتی لە کاژێر 06:00ـی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە.
 
2. شاری قامشلۆ: رۆژی سێشەممە، رێککەوتی 03-02-2026 قەدەخەی گشتی لە کاژێر 06:00ـی بەیانی دەستپێدەکات تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە.
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جەختیان لەوە کردووەتەوە، پێویستە هەموو هاووڵاتییان پابەندی نێوەڕۆکی ئەم بڕیارە و رێنماییە دەرچووەکان بن. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
ئەم بڕیارەی ئاسایش لە کاتێکدایە، بڕیارە هەر لە سبەی دووشەممەوە، رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریا بچێتە واری جێبەجێکردن و ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا بۆ سەرپەرشتیی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان بچنە ناو شاری حەسەکە. 
 
ئەم قەدەخەی هاتووچۆیە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاندووە، لە سبەی دووشەممەوە (رۆژی قەدەخەکەی حەسەکە) رێککەوتنە گشتگیرەکەی نێوانیان و دیمەشق دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەپێی رێککەوتنەکە کە لە 30ـی کانوونی دووەمی 2026 واژۆ کرا، دەبێت دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان قۆناخ بە قۆناخ لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت تێکەڵ بکرێنەوە.
 
هەر وەک بەشێک لەم رێککەوتنە، بڕیارە سبەی دووشەممە نزیکەی 250 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، بە چەکی سووکەوە بچنە ناو شاری حەسەکە بۆ سەرپەرشتیاریکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان.