سێنتکۆم: فەرماندەیەکی باڵای حوراسەدینی خۆراسانیمان لە سووریا کوشت

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، لە باکووری رۆژئاوای سووریا لە بۆردوومانێکدا سەرکردەیەکی باڵای حوراسەدینی خۆراسانیان کوشت. 
 
فەرماندەی سێنتکۆمیش دەڵێت، هێرشەکانیان بۆ سەر "گرووپە تیرۆرستییەکان" بە ئامانجی پاراستنی خۆیان، هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن. 
 
رۆژی شەممە، 1ـی ئاداری 2025، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، رۆژی 23ـی شوبات، لە باکووری رۆژئاوای سووریا هێرشێکی وردیان کرد، ئامانجی هێرشەکە محەممەد یوسف زیا تەڵای، فەرماندەی باڵای رێکخراوی حوراسەدین بوو و کوژرا.
 
سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەیدا لە زاری جەنەراڵ مایکڵ ئەریک کۆریلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت، "بۆردوومانەکە بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی سێنتکۆم، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە، بۆ رێگری و کەمکردنەوەی تواناکانی تیرۆرستان لە پلاندان، رێکخستن و هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و کارمەندانی سوپای ئەمریکا، هاوپەیمانەکانمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و دەورووبەر". 
 
سێنتکۆم، بەرەبەیانی رۆژی 31-01-2025ـش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردبووەوە، لە 30ی کانوونی دووەم، لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا لە باکووری رۆژئاوای سووریا، محەممەد سەلاح ئەلزەعبیر، فەرماندەی باڵای رێکخراوی تیرۆریستی حوراسەددینی سەر بە قاعیدەیان کردە ئامانج و کوشتیان. 
 
گرووپی حوراسەددین، گرووپێکی چەکداری پەڕگیرە، کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای قاعیدە دامەزراوە و لە سووریا چالاکی دەکات. ئەم گرووپە لە ساڵی 2018دا دامەزراوە و پێکهاتووە لە چەند گرووپێکی جیابووەوەی بەرەی نوسرە.
 
سەرەتا ئەم گرووپە لە پارێزگای ئیدلیبی سووریا دەستی بە چالاکی کرد و دواتر لە ناوچەکانی دیکەی سووریا بڵاوبووەوە. حوراسەددین بە یەکێک لە گرووپە سەرەکییەکانی قاعیدە لە سووریا دادەنرێت و پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ سەرکردایەتی قاعیدەدا هەیە.
 
ئەم گرووپە، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار دەکرێت و لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە خراوەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.