نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوای رووخانی ئەسەدەوە 850 هەزار سووریایی گەڕاونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دەڵێت، لە دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەدەوە لە مانگی کانوونی یەکەمدا، نزیکەی 850 هەزار پەنابەری سووریایی لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
 
رۆژی دووشەممە 01-09-2025 بەرپرسێکی باڵای ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رەنگە ژمارەکە لە هەفتەکانی داهاتوودا بگاتە یەک ملیۆن. 
 
کێلی کلیمێنتس، جێگری کۆمیسیاری باڵای ئاژانسەکە لە دیمەشق گوتی، نزیکەی 1.7 ملیۆن کەس کە لە ماوەی شەڕە 14 ساڵییەکەدا لەناوخۆدا ئاوارە ببوون، گەڕاونەتەوە بۆ کۆمەڵگەکانیان.
 
کلیمێنتس، کە ماوەی سێ رۆژە لە سووریایە گوتی: "قۆناخێکی زیندووە. دەرفەتێکە کە تێیدا رەنگە بتوانین چارەسەر بۆ گەورەترین ئاوارەبوونی جیهانی ببینین کە لە 14 ساڵی رابردوودا بینیومانە."
 
شەڕی ناوخۆی سووریا کە لە ئاداری 2011 دەستیپێکرد، نزیکەی نیو ملیۆن کەسی تێدا کوژرا، نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەی ئاوارە کرد. زیاتر لە پێنج ملیۆن سووریایی وەک پەنابەر وڵاتەکەیان جێهێشت، کە زۆربەیان بۆ وڵاتانی دراوسێ بوو.
 
کێلی کلیمێنتس گوتی، هەموو کەسێک هۆکارێکی جیاوازی هەیە بۆ گەڕانەوە، لە کاتێکدا هەندێکیان چاوەڕێی دۆخەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چی روودەدات.
 
وەک بەشێک لە سەردانەکەی، کلیمێنتس چووە دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ لوبنان کە تێیدا گوتی، ریزی درێژی بارهەڵگر و خەڵکی بینیوە کە چاوەڕوان بوون بگەڕێنەوە سووریا.
 
دەسەڵاتدارانی لوبنانی لێخۆشبوونیان بۆ ئەو سوورییانە دەرکردبوو کە بە نایاسایی لە وڵاتەکەدا دەمانەوە ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب وڵاتەکە جێبهێڵن. لوبنان زۆرترین ژمارەی پەنابەری سووریایی هەیە و لە چەند رۆژی رابردوودا، هەزاران سووریایی گەڕانەوە.
 
دوای ئەوەی ئەسەد لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا لە هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەسەرکار لابرا، خەڵکێکی زۆر هیوای لەسەر هەڵچنی، بەڵام شەڕی تایفی دژی ئەندامانی کەمینەی عەلەویی لە ناوچەی کەناراویی سووریا لە مانگی ئاداردا و دژی کەمینەی درووز لە پارێزگای باشووری سوەیدا لە مانگی تەمموزدا، گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارە و پەنابەرانی سارد کردەوە.
 
کلیمێنتس رایگەیاند کە نزیکەی 190,000 کەس لە باشووری سووریا لە ئەنجامی شەڕەکەی مانگی تەممووزدا لەنێوان چەکدارانی لایەنگری حکومەت و چەکدارانی درووزدا ئاوارە بوون.