هەسەدە: هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە چەکی قورس بەنداوی تشرین بۆردوومان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، هێزەکانى سەر بە حکومەتى دیمەشق بە چەکى قورس بەنداوى تشرین بۆردوومان دەکەن. هەسەدە بەرپرسیارێتى ئەو هێرشانەش دەخاتە ئەستۆى ئەو حکومەتە و دەڵێت: "ئەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و پێشێلکردنێکی روونی رێککەوتنەکانی راگرتنی شەڕە".
چوارشەممە 1-10-2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بەنداوی تشرین و دەوروبەری بە چەکی قورس بۆردوومان دەکەن.
هەسەدە دەڵێت: "هەندێک لە مووشەکەکان راستەوخۆ بەر بەنداوەکە کەوتن، ئەوە جگە لەوەی بۆردوومانەکان شوێنی نیشتەجێبوونی کرێکارەکان و گوندەکانی دەوروبەری کردووەتە ئامانج".
ئەو بۆردوومانانە لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەستیپێکردووە کە بەگوێرەی هەسەدە بەنداوی تشرین و دەوروبەری کردووەتە ئامانج.
هەسەدە رایگەیاند، "ئەو بۆردوومانانە هەڕەشەیەکی مەترسیدارن لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل و دامەزراوەکان رووبەڕووی مەترسییەکی کارەساتبار دەکاتەوە." راشیگەیاند: "بەرپرسیارێتیی ئەو پێشێلکارییانە و پێشهاتە نەخوازراوەکان دەخەینە ئەستۆی حکومەتی دیمەشق و جەخت لەسەر مافی رەوای بەرگری لە گەل و هێزەکانمان دەکەین لە دژی هەر هەڕەشە و دەستدرێژییەک."
بەنداوی تشرین لەسەر ئاوی رووباری فورات دروستکراوە و دەکەوێتە سنووری شاری منبج لە پارێزگای حەلەب. بەنداوەکە لەلایەن هەسەدە دەپارێزرێت.
هەسەدە دەڵێت: "ئەو دەستدرێژییانە لە کاتێکدایە دۆخەکە پێویستی بە هێورکردنەوە و گەرەنتی بەردەوامیی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان هەیە. ئەوە پێشهاتێکی مەترسیدار و پێشێلکردنێکی روونی رێککەوتنەکانی راگرتنی شەڕە و بەردەوامبوونی دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و هەڕەشەی زیاتر لە سەقامگیریی ناوچەکە."