تۆم باراک: ئەم مانگە ئەحمەد شەرع دەچێتە واشنتن

رووداو دیجیتاڵ

نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا رۆژی شەممە رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، سەردانی واشنتن دەکات. 
 
بە گوتەی تۆم باراک، ئامانج لە سەردانەکە واژۆکردنی رێککەوتننامەی بەئەندامبوونی سووریایە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتیی دەکرێت.
 
کاتێک رۆژنامەڤانان لە پەراوێزی کۆڕبەندی گفتوگۆی مەنامە لە بەحرێن پرسیاریان لە باراک کرد کە ئایا شەرع ئەم مانگە سەردانی واشنتن دەکات، ئەو لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ". گوتیشی، "بەهیواین" شەرع واژۆ لەسەر بەشداریکردن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بکات.
 
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی سەرکردەکەی دیمەشق بۆ واشنتن و دووەم سەردانی بۆ ئەمریکا، دوای گەشتە مێژووییەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، کە تێیدا بووە یەکەم سەرۆکی سووریا لە دوای دەیان ساڵ گوتار لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشكێش بکات.
 
گرووپەکەی شەرع، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، کە پێشتر سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، لە مانگی تەممووزی رابردوو لەلایەن واشنتنەوە لە لیستی تیرۆر دەرکرا.
 
مانگی ئایار، سەرۆکە کاتییەکە بۆ یەکەمجار لە ریاز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، لە سەردانێکی مێژووییدا کە وایکرد ترەمپ بەڵێنی هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا بدات.